ناوەندی هەواڵەكان
ڕێكخراوی خاچی سوورى نێودەوڵەتی لە فەلەستین ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە، هەموو دامەزراوە تەندرووستییەكانی باشووری كەرتی غەزە گەیشتوونەتە “خاڵی پچڕان”، بە جۆرێک لەناوچوون نزیك بوونەتەوە، دەشڵێن، ژمارەیەكی زۆر لە قوربانییەكان بەهۆى خراپى کەرتى تەندرووستى گیانیان لەدەستداوە.
ویلیام شۆمبۆرگ بەڕێوەبەری ڕێكخراوی خاچی سوورى نێودەوڵەتی لە فەڵەستین سەبارەت بە لە ناوچوونی بنكە تەندرووستییەكانی باشووری غەزە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان كە لە ئەنجامی شەڕە بەردەوامەكانەوە ڕوو دەکەنە نەخۆشخانەکان، وایكردووە سەرجەم دامەزراوە تەندرووستییەكان لە باشووری غەزە بگەنە خاڵی پچڕان و لە ناوچوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، بۆردوومانەكانى سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی مەواسی لە ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا بووە هۆی بریندار بوونی ٢٦ كارمەندی تەندرووستی و هەر هێرشێكی سەربازی دیکەى لەو جۆرە وادەکات پزیشك و پەرستارەكانمان كاركردن بووەستێنن.
وتیشى، جگە لەو ٢٦ بریندارەی كە لە مەواسیەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەیدانی خاچی سوور بۆ چارەسەركردن، ئەو نەخۆشخانەیە هەفتەی ڕابردوو ٨٥٠ برینداری دیكەی وەرگرتووە، كە نزیكەی نیوەیان ژن بوون.
ئەوەشى خستەڕوو، زۆربەی نەخۆشەكان چەند جارێك لە ماڵەكانیان ئاوارەبوون و بە بڕێكی كەم لە خواردن و ئاوی خواردنەوە لە ناوچە قەرەباڵغەكاندا دەژین، ئەمەش وایان لێدەكات زیاتر تووشی نەخۆشی بن.
هـ.ئ
Comments are closed.