هەرێم قادر
سەرباری ئەوەی ئامادەیی ژنان لە حزب و حکومەتدا تەنها لە چوارچێوەی ڕووکەشدا ماوەتەوە و تەنها بە یاسای کۆتا ژنان فەرفەتی بەشدارییان پێ دەدرێت، بەڵام بەشێک لە ژنان دەیانەوێت بەپێوەری لێهاتوویی و بەهێزیی نوێنەرە ژنەکانیان بنێرنە ناوەندەکانی بڕیاردان نەک لەسەر بنەمای کۆتا.
ڕێژەی بەشداریی ژنان لە سەرجەم کایەکانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا بە هۆی زاڵبوونی زهنییەتی پاوسالارییەوە هەمیشە بە پێی پێویست نەبووە و ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڵاواردن و بە کەم تەماشاکردنی تواناکانیان بوونەتەوە، لە ئەنجامی تێکۆشان و پێداگریی سەد ساڵەی ژنان توانراوە لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسای “کۆتا”وە بە ڕێژەی جیاواز ژمارەی خۆیان لە جومگەکانی سیاسەت و بوارە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەرز بکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ژنان داوا دەکەن حزب و لایەنەکان زیاتر پشت بە توانا و لێهاتوویی ژنان ببەستنن لە دیاری کردنی کاندیدەکان و ناردنی نوێنەران بۆ پەرلەمان، لەو بارەیەوە شارا عەبدولکەریم چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: پەرلەمان وەک ناوەندێکی گرنگی یاسادانان، پێویستە ژنان ئامادەییان هەبێت، چونکە پێمان وایە تەنها ژن دەتوانێت داکۆکی لە مافەکانی ژن بکات.

وتیشی: داوا لەخەڵک دەکەین، دەنگ بەکاندیدە ژنەکان بدەن، پەیامیشم بۆ لایەنەکان ئەوەیە کە چیتر لەسەر بنەمای کۆتا کاندیدی ژن نەنێرنە پەرلەمان بەڵکو بەهۆی لێهاتوویی و توانای ژنەکانەوە کاندیدەکان دیاری بکەن.
ئەم وتانەی ئەو چالاکوانە لە کاتێکدایە، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ـی ڕوانگەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمدا ڕێژەی پیاوان سێ هێندەی ژنان بووە، بەشێوەیەک لە کۆی ٥٤٩ ئەندام ٤٠٨ ئەندامیان پیاو بوون و تەنها ١٤١ ئەندامیان ژن بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕێژەی پەرلەمانتاران لە ڕووی ڕەگەزەوە بۆ خولەکان بەراورد کراوە، کە لە خولی یەکەمدا ٩٩ پەرلەمانتاری پیاو و شەش پەرلەمانتاری ژن، خولی دووەم ٨٢ پیاو و ٢٩ ژن، خولی سێیەم ٧١ پیاو و ٤٠ ژن، خولی چوارەمیش ٧٨ پیاو و ٣٣ ژن، خولی پێنجەمیش ٧٧ پیاو و ٣٤ ژن بوون واتە بەکۆی گشتی لە ماوەی هەر پێنج خولەکەدا لە کۆی ٥٤٩ ئەندام ٤٠٨ ئەندامیان پیاو بوون و تەنها ١٤١ ئەندام ژن بوون.

پاش ٣١ ساڵ، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣دا، هاوپەیمانی ژنانی باشووری کوردستان هەنگاویان نا بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیە و پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ لابردنی سیستمی کۆتا بۆ ژنان و پەیڕەوکردنی ڕێژەی ٥٠ بە ٥٠، بۆ ئەندامەکان، بەڵام بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان تائێستا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە.
هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا ژنان بە ڕێژەی کۆتا بچنە پەرلەمانی هەرێم.
هەروەها نووسەر غەمگین کۆساری دەربارەی گرنگی بەشداریی و ئامادەیی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بە ڕۆژنیوزی وت: پەرلەمان پێگەیەکی گرنگە و سەرچاوەی یاسادانانە، بۆیە پێویستە حزب لایەنە سیاسیەکان گرنگی بە کاندیدانی ژن بدەن، چونکە لەوێوە ژنان دەتوانن مافەکانیان بەدەست بێنن و پێویستیشە ژنان خۆیان ھەوڵبدەن و داوای مافی خۆیان بکەن، نەک پیاوان داوای مافەکانیان بۆ بکەن.
ش. ئـ
Comments are closed.