ڕانیە
خێزانێكی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دامێنی چیای کێوەڕەش و لە دەربەند لە سەر ڕێگای نێوان ڕانیە- قەڵازێ، ماوەی چەند مانگێکە جێگایەکی تایبەتیان بۆخۆیان دەستنیشان کردوە و لە ڕێگەی فرۆشتنی کەلانەوە بژێوی خۆیان دابین دەکەن، زۆربەی ڕێبوارانی ئەو ڕێگایەش بە خواردنی کەلانەی گەرم و نۆشکردنی دۆی کوردی، چێژ بە گەشتەکەیان دەبەخشن.

خاتون ئیبراهیمی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە نیشتەجێی باشوورە و لەگەڵ قاسم ئیبراهیمیی هاوژینیدا ماوەی سێ ساڵە دەستیان بەم کارە کردوە، لە سەرەتادا لە شارۆچکەی ڕانیە بوون، بەڵام بەهۆی کەمی مووچە و قەیرانی داراییەوە کارەکەیان ڕوو لە کزبوون دەکات و ئیتر ڕۆژیک بۆ تاقیکردنەوە ڕوودەکەنە دەربەندی ڕانیە و لە ئێستادا ماوەی چەند مانگێکە ڕۆژانە لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان ڕانیە و قەڵادزێ درێژە بەکارەکەیان دەدەن.
هەر بە تیپەڕبوون بە سەر ئەو ڕیگا سەرەکییەدا، دیمەنی ئەو دوو هاوژیینە سەرنجت ڕادەکێشێت بەوەی کە ژنێک بە دیار پنەیەکەوە دانیشتوە و بە تیرۆکەکەی دەستی خەریکی دروستکردنی کەلانەیە و هاوژینەکەشی لە پاڵیدا سەرقاڵی برژاندن و پێشکەشکردنییەتی بە کڕیارەکان، لەولاشەوە بۆن و بەرامەی کەلانەکەیان ڕێبواران کەمەنکێشی لای خۆی دەکات.
خاتون وەکو خۆی دەڵێت: ڕۆژانە لە کاتژمێر چوار و نیوی دوانیوەڕوە تاکو نۆی شەو خەریکی کارکردنن، پیێشوازییەکی باشیانن لێدەکرێت لەلایەن خەڵکەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، زۆربەی کڕیارەکانیان گەشتیارن و ئەوەی جاریک کەلانەکەیان تاقی بکاتەوە حەتمەن دووبارە سەردانیان دەکاتەوە.
ئەو ژنە دەست ڕەنگینە ئاماژەی بەوەشکرد، بەیانیان هاوسەرەکەم دەچێت کەرەستە و پێداویستییەکان دەکڕێت، منیش لە ماڵەوە ئامادەیان دەکەم و دواتر دەیانهێننیە ئێرە و پێشکەشی کڕیارانی دەکەین، بەهۆی کارەکەشمانەوە بژێوی ژیانی خۆمان دابین دەکەین، ئیشێکی سەربەخۆیە و لەوە باشترە کە لە ماڵەوە دابنیشیت.
خاتون سەبارەت بە جۆری ئەو کەلانە و کولێرانەی دروستی دەکەن وتی: ئێمە چەند جۆرێک دروست دەکەین لەوانەش، کولێرە بە شەکر، کولێرە بە ڕۆن، کەلانە بە پیاز، بە قیمە و بە پەنیریش، کە کەلانە بە قیمە زۆرترین خواستی لەسەرە، هەروەها لە ماڵەوە دۆش ئامادە دەکەم و لێرە ئەویش پێشکەش دەکەین.
وتیشی: ئێمە موشتەری تایبەتمان هەیە، کە پێشوتر لە ڕانیەبووین دەزانن ئێستا هاتووینەتە ئێرە، تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و دەڵێن کە بۆیان ئامادە بکەین، لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێین جێگاکەمان گواستتوەتەوە و چەند کیلۆمەترێک لێیان دورکەوتووینەتەوە، بەڵام بەبێ گوێدان بەوە هەر بۆی دێن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ کارەکەمدا زۆر ئاسوودەم چونکە هیخۆمە و لە زۆر کاریتر باشترە بەلامەوە، ئازادم و هەر ڕۆژیک پێم خۆشبێت دێم.
خاتون لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی: داوکاریم لە ژنان هەیە، بێنە دەرەوە وکارەکانیان ئەنجامبدەن کارکردن عەیبە نییە، ژیان قورسبووە لە ئێستادا ئەگەر کاریک بزانیت و نەیکەیت حەیفە، بۆیە پێوسیتە ژنان بێنە دەرەوە و کارەکەی خۆیان بکەن و بەهرەکانی خۆیان پیشانی خەڵک بدەن.
ش. ئـ
Comments are closed.