ئایا عێراق دەكەوێتە ناو ململانییەكانی دژ بە ئیسرائیل؟

ناوەندی هەواڵەكان

سەرچاوەیەكی سەربازیی ئێران بە كەناڵی “بەغداد الیوم”ى ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆردوومانى چەند شوێنێكی سەربازی حووسییەكانى لە یەمەن کرد، پێشبینی دەكەین گرووپی مقاومەی ئیسلامی عێراق ببێتە بەشێک لەو گرووپانەى ڕووبەڕووى ئیسرائیل دەبنەوە.

كەناڵی “بەغداد الیوم” لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازی ئێرانەوە، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكات، زانیاری نوێى لە بارەی فراوانبوونى گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى عێراقى بەمجۆرە خستەڕوو.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، ئێمە فەرمان بە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە بەرەی مقاومە لە ناوچەكەدا نادەین و ڕێنماییان پێنادەین لەم شەڕە چارەنووس سازەدا، بەڵام پێشبینی دەكەین گرووپی مقاومەی ئیسلامی عێراق ببێتە بەشێک لەو گرووپانەى ڕووبەڕووى ئیسرائیل دەبنەوە.

 ئاماژەی بەوەشكرد، گرووپی بەرەی مقاومەی ئیسلامی عێراق هەماهەنگییەكی بەرفراوانیان لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن هەیە، لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانى ئەوانمان و پێشبینی دەكەین كە ئەم هەماهەنگییە پەرە بستێنێت.

جێگاى ئاماژەیە، تا دێت بەرەی شەڕی ئیسرائیل دژی گرووپەكانی سەر بە ئێران فراوانتر دەبێت، دوێنێ لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر شارێكی یەمەن سێ كەس كوژران و ٨٧ كەسی دیكە بریندار بوون، هەروەها، گرووپی بەرەی مەقاومەی ئیسلامی عێراقیش بە هاوبەشێكی سەرەكی حەماس و حووسییەكانی یەمەن دادەنرێت، بۆیە لە ئێستادا مەترسى ئەوە هەیە، مقاومەی ئیسلامی عێراق بەشدارى شەڕەکە بکات.

هـ.ئ

Comments are closed.