عێراق بەبێ وەرزشوانی ژن بەشداری ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بابەتی بەشداری عێراق لە ئۆلۆمپیادی پاریس لە ڕاگەیاندنەکاندا گەرمە، بەڵام هیچ سەرنجێک لەسەر ئەوە نییە، کە وڵاتی عێراق بەبێ بەشداری پێکردنی وەرزشوانی ژن دەچێتە پاڵەوانێتییەکەوە.

تەنها چوار ڕۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتی ئۆلۆمپیاد، کە ئەمساڵ لە پاریس بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنجە وڵاتانی عەرەبی کەمترین وەرزشوانی ژنانیان بەشداری پێکردووە و عێراقیش لە نێو ٢١ دەوڵەتدا، تاکە وڵاتە کە هیچ وەرزشوانێكی ژن لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەکەیدا نین.

بە کۆی گشتی عێراق بە ٢٦ وەرزشوان بۆ پاڵەوانێتییە جیاوازەکان بەشداری کردووە کە سەرجەمیان پیاون.

٢١ وڵاتی عەرەبی بە زیاتر لە ٤٢٠ وەرزشوان بە شداریی لە  لە ئۆلۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤دا دەکەن.

پاش عێراق کە هیچ وەرزشوانێکی ژن لە ڕیزەکانیدا نییە، سۆماڵ، یەمەن، جەزرقەمەر، لیبیا، سوودان و سووریا دێن کە تەنها یەک وەرزشوانی ژن لە هەڵبژاردەکانیاندا هەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێوەیەکی گشتی پاش ١٢٨ ساڵ لە دەستپێکردنی یارییە ئۆڵۆمپییە مۆدێرنەکان، ئەمە یەکەمین جارە بەرزترین ڕێژەی بەشداری وەرزشوانانی ژنانی تێدابێت و نزیک بێت لە یەکسان بەرامبەر پیاوان.

بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی یەکسانی جێندەری لە لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، ماری سالۆیس ڕایگەیاند کە “یەکسانی جێندەری بۆ یەکەمجار لە مێژووی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا بەدەست هاتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم دەستکەوتە دەرئەنجامی هەوڵە درێژخایەن و هەمەلایەنەکانە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە هەموو یارییەکانی ئۆڵۆمپیدا، کە ڕەنگدانەوەی ڕەوتی جیهانییە بەرەو یەکسانیی و دادپەروەریی.

ش. ئـ

Comments are closed.