ڕانیە
ساڵانە لە مانگی تەمموزەوە جوتیاران لەسەر زێی بچوک دەست دەکەن بە تەکاندنی بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە و جوتیارێکیش دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گوڵەبەڕۆژە باشە، بەڵام لە چاو ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆرکەم چێنراوە.
زێی بچوک لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، کە ڕووبەرێکی فراوان و زەویەکی بەپیت و ئاوێکی زۆری هەیە دەرفەتێکی باشی ڕەخساندوە بۆ هەبوونی چەندین بەرهەمی باشی باخ و کشتوکاڵ، یەکێکیش لەو بەرهەمانە گوڵەبەڕۆژەیە کە ساڵانە بڕێکی زۆری لێدەخرێتە بازاڕەکانەوە.
ساڵانە لە ناوچەکەدا لە ناوەڕاستی مانگی شووباتەوە دەست بە چاندنی گوڵەبەڕۆژە دەکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە دەست بە لێکردنەوە و تەکاندنی دەکرێت و جوتیاران بەرهەمەکەیان دەخەنە بازاڕەوە.
عوسمان ڕەسوڵ، کە جوتیارێکی ناوچەیەکە و بە وتەی خۆی ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵە خەریکی چاندن و چنینەوەی گوڵەبەڕۆژەیە سەبارەت بە بەرهەمەکەیان وتی: گوڵەبەڕۆژە ڕۆژ ناڕۆژێک لە کێڵگەکاندا ئاو دەدرێت و دەرمانی بەری پێوەدەکرێت بۆ ئەوەی بەرەکەی جوان و بەهێز بێت، دواتر بۆ خۆی گەشەدەکات و گوڵ دەکات دواتر نزیکی پێگەشتن و گەورەبوونی ئەو کڵوکە زەردەی لێدەبێتەوە و سەری گڵۆبەڕۆژەکە سپی دەبێت ئەوەش بەمانای کامڵبوون و تەواو پێگەیەشتنیەتی.
ئەو جوتیارە باسی لەوەشکرد، لە دوای سپیبوونی دانی گڵۆبەڕۆژەکە تاقی دەکرێتەوە ئەگەر ڕەق بوو لێدەکرێتەوە و یان دەڕاسە دەیکوتێت یانیش بەدەست دەتەکێندرێت، دواتریش پێنج بۆ شەش ڕۆژ هەڵدەخرێت تا وشک دەبێتەوە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا عوسمان وتی: لە دوای وشکبوونەوەی گوڵە بەڕۆژەکە لە فەردەی دەکەین و دوای ئەوە پێویستە جوان بشۆردرێتەوە بۆئەوەی پاک ببێتەوە و لە کۆتایشدا سوێر دەکرێت و ئیتر بە پێی پێویستی دەفرۆشرێت یان ئامادە دەکرێت و دەبرژێنرێت.
سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵی گوڵە بەڕۆژە ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بەرهەمی گوڵە بەڕۆژە لە چاو ساڵاندا باشترە و ئەوەی چاندوویەتی لەم ناوچەیە لێی ڕازییبوە، ئەم گوڵەبەڕۆژەیە تامی زۆر خۆشە و سروشتی ترە لەوانەی کە لەدەرەوە دێن و لە بازاردا دەفرۆشرێن، کە زۆر جار تام و بۆنیان خراپبوون.
ئەو جوتیارە ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی حکومەت بەرامبەر بە جوتیاران گرت و وتی: پێویستە لیژنەی کشتوکاڵ ساڵانە سەردانی کێڵگەکان بکەن کە لە هەر جێگایەک بەرووبومێک بەرهەم دەهێنرێت، لە جوتیاران بپرسنەوە پێویستیەکانیان چین لەوانەش کیمیایی، یاخود دەرمانی کوژەر، یان دەرمانی بەر یانیش هی گەزۆ و مێشولەیان دەوێت بۆیان دابین کەن، بەڵام بەداخەوە حکومەت بەلاماندا نایەت و هیچ پێویستی و ئامێرێکمان بۆ دابین ناکات.
عوسمان ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ئێستادا جوتیاران دەیکەن هەمووی لەسەر حسابی خۆیانە، ئەگەر ئەو زەویەی کە دەکرێت بە گەنم بکرێت بە گوڵە بەڕۆژە بۆ بەرهەم هێنانی ڕۆنیش سودی زۆری دەبێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی حکومەت هاوکارنیە گوڵەبەڕۆژە ئەمساڵ زۆر کەم کراوە و بەگشتی ئێستا خەڵک پشتی لە گوڵەبەڕۆژە کردوە و بەزۆری خەریکی بامیە و گەنم و هەندێکیش نۆک دەچێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا بە نیگەرانیەوە وتی: ئەگەر حکومەت کار ئاسانی بکردایە، ئەو زەویانەی کە دانەچێنراون بە هیچ بەرهەمێک، دەکران بە کشتوکاڵ و نەک بۆ ناوخۆ تەنانەت هەناردەی وڵاتانیش دەکرا.
ش. ئـ
Comments are closed.