حەماس و ١٤ لایەنی فەڵەستینی لەسەر بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ ڕێككەوتن

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، ڕێككەوتنێك لە نێوان حەماس و ١٤ لایەنی فەڵەستینی بۆ پێكهێنانی “حكومەتی كاتی بەرەوەژەوەندی  نیشتمانی بە مەبەستى بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ كراوە، حەماسیش دەڵێت، ئێمە پابەندین بە یەكێتی نیشتیمانی و داوای ئەوە دەكەین.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی حەماس و چەند لایەنێكی دیکەى فەڵەستین لەبارەى بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ لە پەكینی پایتەختی چین حەماس و ١٤ لایەنی فەڵەستینی ڕێككەوتن لەبارەى پێكهێنانی حكومەتی یەكگرتووی نیشتمانی كاتی بە مەبەستى بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ.

لەلایەكی دیکەوە موسا ئەبو مەرزوق، نوێنەرى حەماس لە چین ڕایگەیاند، ئێمە ڕێككەوتنی “یەكێتی نیشتیمانی” لەگەڵ فەتح و لایەنە فەڵەستینییەكانی دیكەمان واژۆ كرد و ئەم ڕێككەوتنە بۆ یەكگرتوویی  واژۆ دەكەین و پابەندین بە یەكێتی نیشتیمانییەوە و داوای ئەوە دەكەین.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمریكا و چەندین وڵاتی دیكە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی نێوان و حەماس ئیسرائیل، بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕى غەزە و كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەزە، هەروەها گفتوگۆكان بەردەوامە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ.

هـ.ئ

Comments are closed.