مەزڵوم عەبدی: ئامادەین بۆ دیالۆگ و بۆ بەرخۆدانیش

ناوەندى هەواڵەکان

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە ڕایگەیاند، یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو پێشکەوتن دەبات، دەشڵێت، ئامادەین لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا گفتوگۆ بکەین بەو مەرجەی  سوپاکەی و چەتەکانیشی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە، بەڵام هەمیشەش ئامادەین بۆ بەرخودان.

بەبۆنەی ١٢ یەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ەوە، و بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی  لەبارەی دەستکەوتەکان لەسەر ئاستی بەرگری و سیاسی، و مەترسی و هەڕەشەکان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- قەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار بەمجۆرە دواوە.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٢ ساڵدا بەرخۆدانێکی گەورە کراوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن و لەگەڵ ئەوەشدا یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو پێشکەوتن دەبات.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچەکەدا ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو هەیە، بۆیە ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ ١٢ ساڵ لەمەوبەر، پێشهاتی نوێش لە ١٣یەمین ساڵی شۆڕشدا بەدی دێت.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوونی کردەوە، کە کێشە و ناکۆکی زۆر لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا هەیە، بۆیە ئەستەمە ئێستا بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک.

ڕاشی گەیاند، ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان بەتایبەت حکومەتی دیمەشق، چونکە باوەڕمان بە گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ دیمەشق هەیە، لە ئێستاشدا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لە پەیوەندیدان، بەڵام دەبێت دیمەشق پێداچونەوە بە هەڵوێستى خۆیدا بکات.

دەشڵێت، ئامادەین لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا گفتوگۆ بکەین بەو مەرجەی  سوپاکەی و چەتەکانیشی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە، بەڵام هەمیشەش ئامادەین بۆ بەرخودان.

دەقی دیالۆگەکە بەم شێوەیەیە:

شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە زۆر ڕووەوە هەنگاوی یەکەمی ناوە، بەڵام شەڕی چەتەکانی داعش و بەرخۆدان و بەرگری ١٢ ساڵی رابردوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

شۆڕشی ١٩ی تەمووز دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە سووریا و نەخشەی سیاسی سووریا پێش شۆڕش جیاواز بوو لەوەی دوای شۆڕش، هێزەکانی ناوچەکە شەڕیان لە سووریادا دەکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات کە گەلی سووریا هیچ قازانجێکی نەبوو لەم شەڕەدا، بەڵام دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموز حیساباتی ئەم هێزانە پێچەوانەیە.

هەموو هێزەکان پلانیان دانا کە گەلی کورد وەک کارتێکی یەدەگ بهێڵنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بیانقۆزنەوە، بەڵام هەموو پلانەکانیان شکستی هێنا لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز، گەلی کورد سەرەتا دەستی کرد بە پێکهێنانی هێزی بەرگریی خۆی، پاشان ناوچەکانی ئازاد کرد و دواتر دەستیکرد بە کاری گەورە لە پێناو هەموو سووریادا.

هەموو ئەو هێزانەی لە سووریا بوونیان هەبوو لە دەرەوە پشتیوانیان لێدەکرا، هیچ کامیان لە خەمی بەرژەوەندی گەلی سووریادا نەبوون، بەڵام لەسەر بنەمای توندڕەوی ئایینی و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری نەتەوەیی پێکهاتبوون. شۆڕشی ١٩ی تەمموز ڕێگەی خۆشکرد بۆ قۆناغێکی نوێی، هێزەکانی پاراستنی گەل سەرەتا لە خەڵکی گەلی کورد پێکهات، بەڵام دواتر لە ژێر ئاڵای خۆیدا هەموو پێکهاتەکانی لە سووریادا کۆکردەوە و بوو بە هێزی سووریا، کە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریایان وەک بنەمای خۆیانی کاری خۆاین دابڕێژن و بەم شێوەیە ڕێگەی بۆ قۆناغێکی نوێی خۆشکرد.

بەردەوامی مەترسییەکان

هەڕەشە و هێرشەکان لە دژی شۆڕشی ١٩ی تەمووز زیادی کردووە لەگەڵ ئەوەی شۆڕش پێدەنێتە ساڵی ١٣یەمیەوە.

دەتوانم بڵێم مەترسییەکان لە هەموو ئەو ساڵانەی ڕابردوودا هەبوون، ساڵانێکی زۆرمان لە سایەی مەترسی و شەڕدا بەسەر برد و قوربانییەکی زۆرمان دا، ساڵی یەکەمی شۆڕش لە ٢٠١٢-٢٠١٣دا هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە عەفرینەوە تاوەکو دیرک هێرشیان دەکرایە سەر، دوای ئەوەی قاعیدە و داعش دەرکەوتن دەیانویست ئەو شۆڕشە لە ڕەگ و ڕیشە دەربهێنن، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی گەورە بوونەوە، ئێستاش ئەو ناوچەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر،

بەڵام توانیمان بە سەر هەموو ئەم مەترسی و هەڕەشە گەورانەدا زاڵ ببین لە ڕێگەی بەرخۆدانیکی مەزنەوە مەسیحی و سریانیەکان، بەڵام سەرەڕای یەکڕیزی گەلانی سووریا کە پێکهاتوون لە کورد و عەرەب و سریان و مەسیحی هێشتا مەترسییەکە بەردەوامە.

یەکەم: ڕژێمی سوریا دیالۆگ ڕەتدەکاتەوە، بۆیە شەڕێکی ناڕاستەوخۆ لەدژی ئێمە ئەنجامدەدات و هەوڵدەدات بە هاندانی ململانێکان و یاری سیاسی، یەکێتی نێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات.

دەوڵەتی تورک هەوڵی نەهێشتنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات و بەشێک لە ناوچەکانی ئێمەی داگیرکردووە و هەوڵی داگیرکردنی باقی ناوچەکانی دیکەش دەدات.

پێویستە لەسەرمان یەکڕیز ببین

یەکێک لەو مەترسیە جدییانەی بارودۆخی ناوخۆی ئێمە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە هەرێمەکەمان گەمارۆ دراوە، لە ئاستی ئابووریشدا دەستێوەردانی دەرەکی هەیە بە ئەنقەست سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لەناو دەبەن بۆ ئەوەی نەتوانێت خزمەتی گەل بکات. ساڵی ڕابردوو دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانمان کرایە ئامانج، زیانی زۆریان پێگەیشت، بێگومان بەشێکی ئەم کێشەیە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێمەیە، بەڵام گەمارۆ و هێرشیش هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاردان بۆ گەلەکەمان و ناچاریان دەکات بە کۆچکردن، بۆیە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو دامەزراوەکانمان یەکبگرن بۆ ئەوەی مەترسی و ناڕەحەتییەکان تێپەڕێنین.

پێشبینی دەکرا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبچێت و دەوڵەتی تورکیا هەوڵیدا ئەو هەڵبژاردنانە بکاتە بیانوو بۆ هێرشەکانی؟.

زۆر زیادەڕەوییان لە پرسی هەڵبژاردن کردووە پرسێکی گەورەیە کەس مافی ئەوەی نییە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانمان بکات، بەڵام دەبێت بیر لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەینەوە متمانەم هەیە کە خەڵک و دامەزراوە و لایەنەکانمان کە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان کاندید دەکەن، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرسە دەکەن. هەروەها متمانەم هەیە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە پێناو بەرژەوەندی گەلدا ڕاستترین بڕیار دەدات.

شۆڕش و ئەو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجامیدا بنیات نرا، کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی هەبوو، لە هەڵسەنگاندنی ئێوەدا بۆ ئەم پرسە چی دەڵێن؟

دەبێت ئەم بابەتە بە دروستی تێبگەین، بەو پێیەی مەسەلەکە پەیوەندی بە ئەدای هەڤاڵەکانمانەوە نییە ئەدای دامەزراوە دیپلۆماسییەکانمان بێ گومان گرنگە، بەڵام ئێمە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین زلهێزەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی سووریا، لە ناویاندا دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی سووریا دژایەتیی بەشداریکردنی گەلی کورد لە پڕۆسەی سیاسیدا دەکەن لە یەکەم ڕۆژەوە، زۆر کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سووریا بەڕێوەچوو، بەڵام ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە یەک لەسەر سێی ڕووبەری سووریا و کە چارەکێکی دانیشتوانی سوریا تێیدا دەژین لەو کۆبوونەوانە دوورکەوەتەوە، بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریاوە.

چەند بەرەو پێشجوونێک هەیە

کار و تێکۆشانی بەردەوامی ئەمرۆی ناوچەکە بووەتە واقیعێک کە کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەندێک پێشهات ڕوویانداوە، ئێستا هەمووان باوەڕیان بەوە هەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەبێ بەشداری بە نوێنەرانی ئەم بەشەی سووریا بکەن لە پرۆسەی گفتوگۆکردندا.  هەرچەندە بەردەوام دژایەتییەکی زۆر هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلەکەمان و هێزەکانمان قارەمانێتییەکی گەورەیان ئەنجامدا بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵبووین، بۆیە پێم وایە نامۆیە ئەگەر کەسێک بڵێت چارەسەری قەیرانی سووریا بەبێ ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت.

هێزەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانی و ڕووسیا و وڵاتانی دیکە و دامەزراوە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان کارێکی باش دەکەن ئێمە پلان و پڕۆژەمان خستۆتە کارنامەی خۆمانەوە کە ڕێگا بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە خۆش دەکەن لە ساڵی داهاتوودا و لە ماوەی ئەو ساڵەدا شاهیدی هەندێک پێشهاتی نوێ دەبین .

نەیاران لە چی دەترسن؟

هەریەکەیان لە شتێک دەترسن ئێمە ناتوانین کۆیان بکەینەوە، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد و چارەسەرەکەی بەتایبەتی، وڵاتانی داگیرکەر و بەتایبەت دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریا دەترسن دان بە واقیع و بوونی کورددا بنێن، ئەوان ڕەتیدەکەنەوە گەلی کورد قەوارەیەکی سیاسی هەبێت ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەمووان، بەڵام کێشەیەک هەیە لە پرسی داننان بە قەوارەی سیاسی گەلی کورد، ئەمەش بنەمای دوژمنایەتییە، ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر دەستکەوتەکانی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەر بکرێن، زۆر بابەتی گەورە چارەسەر دەبن و گەشەپێدان و پاراستن و بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی هەموو ئەو بابەتانەن کە حیساباتی ڕژێمی سوریا و هەندێک زلهێزی نێودەوڵەتی تێکدەدەن و ئاەژوویان دەکەنەوە. ئەمڕۆ دوای ١٢ ساڵ کاتی ئەوە هاتووە باوەڕیان پێبهێنرێت کە  دەستبەرداری ئەم دوژمنایەتییە بن، وەک چۆن ناکرێ بگەڕێینەوە بۆ ١٢ ساڵ لەمەوبەر.

ئەستەمە دیمەشق و ئەنقەرە بگەنە ڕێککەوتن

دەوڵەتی تورک لەم دواییانەدا هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پلەباڵا لەگەڵ دیمەشق دەدات. پێت وایە تورکیا بۆچی بەدوای نزیکبوونەوە لە دیمەشق دەگەڕێت؟

دەوڵەتی تورک بەدەست قەیرانێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە دەناڵێنێت و لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا هەموو پلانەکانی پەیوەست بە سوریاوە شکستی هێناوە و بووەتە بەشێک لە قەیرانی سووریا، بەڵام نەبووەتە بەشێک لە چارەسەری، بەڵکو بووەتە هۆی قووڵکردنەوەی کێشەکە و خراپترکردنی هێندەی تر، هەرچەندە بەردەوام بن لە وتنی: “ئێمە کێشەکە چارەسەر دەکەین”. ئامانجی سرەکی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرە و  بە چەندین شێوە و فۆرم هەوڵیاندا لەناویببەن، بەڵام بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن، بۆیە ئێستا هەوڵی دووبارە دەدەنەوە.

ڕژێمی سوریا بەتەواوی دژی ئەمە نییە، بەڵکو داواکارییشی هەیە. ڕەنگە ئەوان و دەوڵەتی تورک ڕێکبکەون، بەڵام داواکارییان جیاوازە. ڕژێمی سوریا دەیەوێت دەوڵەتی تورک دەستبەرداری ئۆپۆزسیۆن و ئیخوان موسلیمین و گروپە چەکدارەکانی ئیدلب و عەفرین و سەرێ کانی و هێزەکانی تر بێت. کاتێک ڕژێمی سوریا دەڵێت، دەبێت دەوڵەتی تورک لە سووریا بکشێتەوە، ئامانجی سەرەکیی بڕینی ئەو پشتیوانییەی دەوڵەتی تورکە بۆ ئەم هێزانە بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە.

هەروەها بابەتێکی تریش هەیە: ڕەنگە تورکیا داواکاری هاوشێوەی هەبێت، ڕژێمی سوریاش لەوانەیە لەو ڕووەوە ڕازی نەبێت، بەڵام جێبەجێکردنی زۆر قورسە. مەحاڵ نییە، بەڵام قورسە. کاتێکی زۆری دەوێت. بۆ نمونە لە ماوەی 12١٢ساڵدا ڕژێمی سوریا هەمووانی کردە ئامانج، تورکیاش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کۆکردنەوەی گروپە چەکدارەکان و خێزانەکانیان لە ئیدلب، ئێستاش دەیاننێرێت بۆ عەفرین.

هەمووان چارەسەریان دەوێت،  دەوڵەتی تورک جارێکی تر گەڕانەوەیان بۆ تورکیا قبوڵ ناکات، ڕای گشتی ناو دەوڵەتی تورک دژایەتی ئەوە دەکات و ڕژێمی سوریاش ئەوان قبوڵ ناکات. کێشەکە قووڵە، پێموانییە لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر بکرێت.

* ئەم چەتانە دەنێرن بۆ زۆر ناوچە وەک ناوچەکانی بەرگری میدیا و نەیجیریا و لیبیا

ئەوان وەک چەکدار دەڕۆن، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەوان تەنها چەکدار نین، بەڵکو ملیۆنان خێزانیشیان هەیە کە دژایەتی ڕژێمی سوریا دەکەن و خوێن لە نێوانیاندا ڕژاوە. دەبێت فایلەکەیان یەکلایی بکرێتەوە. بەپێی ڕێکەوتننامەکان لە ناوچەکانی خۆیان وەدەرنران. دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی سوریا پێشتر چەند جارێک لە بارەی باب، عەفرین، ئیدلب، حەلەب و حومس ڕێککەوتوون. لەو کاتەدا مەسەلەکە ئاسان بوو، بەو پێیەی نەیاران لە ناوچەکانی خۆیان دەردەکران. بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە شوێنی کۆتایی، چارەسەرێکی هەمەلایەنە پێویستە. من باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ناتوانرێت سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت.

ئێمە دڵنیاین کە چارەسەرێک لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دەبێت

ساڵێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی دەستپێشخەرییەکی بۆ دیالۆگ و چارەسەری خستەڕوو. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر داوای دیالۆگتان کرد ئایا پێتان وایە دەکرێت دیالۆگێک لە نێوان حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەرێوەبەردا پەرە پێبدرێت؟

ماوەی ١٢ ساڵە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ ڕژێمی سوریا بگەینە چارەسەر. ئێمە دڵنیاین کە لەگەڵ ڕژێمی سوریا چارەسەر هەیە. لە ئێستاوە بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان. پەیوەندی لە نێوانماندا هەیە. بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نییە. چونکە ڕژێمی سوریا هێشتا ئامادە نییە بۆ چارەسەر. مەرجی هەیە، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش ساڵی ٢٠١١ هەیبوو، تەنها لە چوارچێوەی لێبوردندا سەیری ئەو پرسە دەکات. پرسی کورد لە سووریا زۆر گەورەیە. ڕژێم تا ئێستا تەنیا لە هەفتەیەکدا دوو وانەی زمانی کوردی قبوڵ کردووە. ئەو ڕێگایەکی گشتگیر نییە بۆ چارەسەرکردن.

لە ماوەی ڕابردوودا ویستمان لەسەر هەندێک بابەت کە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێن، بگەینە ڕێککەوتن، وەک دەروازە سنوورییەکان، پرسی ئابووری، بازرگانی، و پەروەردە، بەڵام ئەوان بۆ ئەوەش ئامادە و دەستکراوە نین. ڕژێمی سوریا دەبێ بە ڕێبازی خۆیدا بچێتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا ، هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر وەک دەرفەتێک ببینێت. ئەمەش گرنگترین شتە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری سوریا و چارەسەرکردنی کێشەکان.

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا واقیعێک لێرەدا جێگیر بووە، واقیعێکی ئەمنی و سەربازی و ئیداری هەیە. خوێندکاران بە زمانی کوردی دەچنە زانکۆکان و ناکرێ ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی پێشتر بووین. ڕژێمی سوریا دەبێ لەم ڕووەوە چاوێک بە ڕێبازی خۆیدا بخشێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین کەمێک ئەم چارەسەرە بەرەو پێشەوە ببەین.

دەبێت فشارەکان زیاد بکرێن

پێت وایە حکومەتی دیمەشق بتوانێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت؟

لە ئێستادا کەمێک قورسە، بەڵام هیوامان لەدەست نەداوە. هەر بۆیە دیدارەکانمان لەگەڵیان بەردەوامە. ڕژێمی سوریا دەبێت زیاتر ئەم بارگرانییە هەڵبگرێت، و بگاتە ئەو قەناعەتە کە ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. هەروەها کێشەی ئابووری و ئەمنییان هەیە و ئەگەر دۆخی ئەوان بە دۆخی خۆمان بەراورد بکەین، دۆخی ئێمە زۆر باشترە لە دۆخی ئەوان. ئەمە هەر ئەوەیە کە خۆیان دەیڵێن و دانیان پێدا ناوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا سەرسەختن، دەبێت فشارێکی بەهێزتریان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی کراوە بن بۆ چارەسەرێک.

ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆ، بەڵام مەرجیشمان هەیە

٭ چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لێدوانێکتان دا و ڕاتانگەیاند کە ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابنیشین بە تورکیاشەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سوریا مەرجەکانتان بۆ ئەمە چین؟

ئێمە کراوەین بۆ دیدار لەگەڵ هەموو سووریا و زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان کە ئارەزووی چارەسەرکردنی دۆسیەی سووریا دەکەن. ئێمە پێمان وایە کێشەی سوریا بە شەڕ چارەسەر نابێت. مەحاڵە بەم شێوەیە چارەسەر بدۆزرێتەوە. چارەسەر بە شێوازی ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدی بهێنرێت. بێگومان دیالۆگ تەنیا لەگەڵ ڕژێمی سووریا نابێت، بەڵکو لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت. ئەگەر ئەو خەڵکەی ئێستا لە ئیدلب و عەفرین و شوێنە داگیرکراوەکانی دیکە کراوەن بۆ گفتوگۆ و مەرجی سەرەتایی ئێمە قبوڵ بکەن، ئەوا ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆ.

مەرجی بنچینەیی ئێمە بۆ دەولەتی تورک و دڵسۆزانی ئەوەیە کە سەرەتا باسی پرسی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری بکەین. ئەوان مەرجی خۆیان هەیە و ئێمەش مەرجی خۆمانمان هەیە. مەرجی ئێمە کۆتایی بە داگیرکردنی عەفرین و گیرێ سپی و سەرێ کانییە . بەم پێیە ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هێزانە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە لە نێوان خۆماندا چارەسەر بکەین.

دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان دەکات و هێزێکی داگیرکەرە؛ لە پێناو کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵیان. بەڵام ئەمە کەمێک قورسە. چونکە دەوڵەتی تورک لە ئێستادا لە هێرشدایە، هێرش دەکاتە سەر کورد. ئەو ناوچانە، هەروەها ناوچە بەرگرییە شەرعیەکانی میدیا، ڕۆژانە هێرشیان دەکرێتە سەر. بەڵام وەک پرەنسیپێک بۆ چارەسەرێک، ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆ. هەروەها دەبێت قەناعەتیان هەبێت کە دوای ١٢ ساڵ ئەم کێشەیە بە کوشتن و هێرش و داگیرکاری چارەسەر نابێت.

هەوڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لە بەغدا و بە نێوەندگیری عێراق. چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنیت؟

 پێم وایە هیچ پێشکەوتنێک نابێت. درێژەپێدەری ئەو دیدارانەیە کە پێشتر لە مۆسکۆ ئەنجام دراون. ڕووسیا خۆی دەڵێت “ئێمە لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە نین کە حکومەتی عێراق دەیەوێت پەرەی پێبدات”. پێموانییە دەرئەنجامەکەی جیاواز بێت لەوەی پێشتر هەبوو. ئەمە هەوڵێکی درۆیە و مەحاڵە سەرکەوتوو بێت. کێشەکە تەنها پەیوەندی بە ڕژێمی سوریاوە نییە. هێزی تریش هەیە، ئێمەش لێرەین. هەڵەیە کۆبوونەوەیەک لە نێوان دەوڵەتی تورک و حکومەتی دیمەشق لەسەر حیسابی پارچەکانی تری ئەم وڵاتە ئەنجام بدرێت. ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت شتێکی لەم شێوەیە پەرە پێبدات، پێویستە نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بانگهێشت بکات.

هەروەها لەڕووی بنیاتنانی سیستەمی کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتنی زۆر هەیە، وەک هەڵسەنگاندنێک بۆ ١٢ ساڵی ڕابردوو، ئێوە چی دەڵێن لەم بارەیەوە؟

لە سوریا ٣ بەش هەیە: بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادایە، بەشێکی لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە و بەشێکیشی لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەگەر بەراوردی ئەم بەشانە بکەین، پێشتر شۆڕشێک لە ناوچەکانی ئێمەدا لە ڕووی گۆڕانکارییەوە ڕوویداوە. تا ساڵی ٢٠١٩ لە هەمان کاتدا شەڕمان کرد و دامەزراوەکانمان بنیاتنا. لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵمان داوە بۆ بەردەوامبوون لە گەشەپێدانی دامەزراوەیی. بێگومان کەموکوڕی زۆرە. گلەیی خەڵک هەیە. ئێمە کێشەمان هەیە لەسەر ئاستی ئابووری و پرسی گەندەڵی لە دامەزراوەکان و سیستەمی دادوەریدا. هەروەها بەدەست گەمارۆ و دەستێوەردانی دەرەکیش دەناڵێنین. لە سێزدەهەمین ساڵی شۆڕشدا، ناچارین گوێ لە داخوازییەکانی گەلەکەمان بگرین و چاکسازییەکی بەهێز بکەین. ئەگەر ئێمە و گەلەکەمان هاوکار بین، ڕەنگە نەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام لە ماوەی ئەمساڵ و تا ساڵی داهاتوو هەنگاو دەنێین بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستا.

کۆڕێک بۆ خێڵەکانی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سازکرا، دوای ئەم کۆڕە چ هەنگاوێک نرا؟

لە سەردەمێکدا کە لەژێر هێرشدا بووین، بەستنی کۆڕەکە وەک ئەوە وابوو هەڵوێستێک ڕابگەیەنیت. خێڵەکان زۆر دەستکاری کراون وگۆرانکاریان بەسەردا هاتووە، دەوڵەتی تورک و ڕژێمیش پڕۆژەیەکیان بۆ دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا جێبەجێ کردووە. لە ڕاستیدا کۆڕێکی سەرکەوتوو بوو کە نوێنەری هەموو ناوچەکان تێیدا بەشدار بوون.

 هەڵوێستەکانیان ڕاگەیاند و هەروەها هەندێک داواکارییان هەبوو. داواکارییە سەرەکییەکانیان لە دەوری فایلە ئەمنییەکان دەسوڕایەوە. داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەیان کرد کە خوێنیان نەڕشتووە  و پێویست ناکات لە دەستبەسەریدا بمێننەوە. هه ڕوه ها داوای گەڕانەوەی ئەو خێزانه سووریانەیان لە کەمپی هۆل بۆ ناوچەکانیان کرد. جگە لەوەی داوای زیادکردنی هەوڵەکانیان کرد  دژی ماددە هۆشبەرەکان و پەرەپێدانی هەوڵە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان. ئێمە ئەم داواکاریانەمان بە جددی وەرگرتووە و لەم ڕووەوە دەرئەنجامی باش بەدەست هاتووە. ئەنجوومەنی گەل یاسای لێبوردنی پەسەند کرد و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ زیندانی ئازاد دەکرێن. هەروەها خێزانە سورییەکان لە کەمپی هۆل دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

هەوڵ بۆ گفتوگۆی کوردی و کورد هەبوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا، هۆکارەکانی درێژەدان بە دیالۆگەکە چین؟

هەنگاوی باش لە پرۆسەی گفتوگۆدا نراوە. لە ئاستی سیاسیشدا پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی (PYNK) و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد گەیشتنە ئەنجامێکی هاوبەش. لە کاتێکدا هەندێک بابەتی پراکتیکی بە چارەسەرنەکراوی مانەوە، وەک چۆنیەتی بەشداریکردن لە ئیدارە و هەڵبژاردنەکاندا، لێرەدا گفتوگۆکان وەستان، چەند هۆکارێک هەبوون بۆ وەستاندنی گفتوگۆکە لە ئێستادا داوا لە ئێمە و ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەکرێت پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێبکەینەوە. ئەگەری زۆرە مانگی ئابی داهاتوو پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە.

لە ساڵی ١٣ـی شۆڕشدا چی چاوەڕێی سوریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات؟

هەروەک چۆن ئێمە و گەلەکەمان بە هەوڵ و بەرخۆدانێکی گەورە توانیمان لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا تێپەڕین، ساڵی داهاتووش بە هەمان خێرایی تێدەپەڕین، دڵنیام پێشهاتی گرنگ و جددی بەدەست دەهێنین. دەبێت هەنگاوی گرنگ بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا بە گشتی. ڕەنگە قەیرانی سووریا بەتەواوی چارەسەر نەکرێت و قەیرانەکەش ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بەڵام ئەو پرەنسیپەی کە قەیرانەکە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت، بچەسپێنرێت.

 ئێمە وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەرگریکردن لە گەل، لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر بەدەست هاتووە و هەوڵدەدەین ئامادەکارییەکانمان بۆ ساڵی داهاتووش تەواو بکەین، لەڕووی بەرگری و پاراستنەوە، پڕۆژەیەکی گەورەمان هەیە و هەوڵدەدەین سەربکەوین.

 هەروەها ئیدارەی خۆسەر دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا، لەگەڵ داڕشتنی دەستووری کۆمەڵایەتی و دەرچوونی یاسا و خێرایی کاری دامەزراوەیی، هیوادارم کار بۆ پتەوکردنی بەرەی ناوخۆمان و یەکڕیزی پێکهاتەکان بکرێت بەمەبەستی گەیشتن بە پڕۆژەکەمان.

ئێمە بەشی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە نابێت جارێکی تر نە کەس فریو بدرێت، نە کۆچ بکات، شۆڕشی ئێمە شایەنی ئەمە نییە. با سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان لە تەنیشت ئیدارەی خۆمان بوەستین، ڕەخنە لە کەموکوڕیەکان بگرین، بەڵام دەستی یەکبگرین و پێکەوە کاربکەین بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان.

ڕ.ش

Comments are closed.