سێ ڕۆژ مۆڵەت درا بە لایەنە سوننەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، له کۆبوونەوەی ئەمڕۆی  چوارچێوەکەیان سێ ڕۆژ مۆڵەت بە هێزە سوننەکان دراوە، بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان.

حوسام ڕوبەیعی وتەبێژی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەکەیانی، بۆ میدیا عێراقییەکان خستەڕوو.

حوسام ڕوبەیعی ڕایگەیاند،  چوارچێوەکەیان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەرگیز بەڕێوەناچێت، بەبێ ئەوەی پێکهاتەی سوننە لەسەر کاندیدی سەرۆک پەرلەمان ڕێکبکەون.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموارکردنەوەی مادەی ١٢ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و کردنەوەی دەرگای کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە، لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕەت دەکرێتەوە چونکە لەگەڵ بڕگەکانی دادگای فیدراڵییدا ناکۆکە.

ئەوەشی خستەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی سێ ڕۆژ مۆڵەتی، بە هێزە سوننەکان داوە، بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان (سالم عیساوی – مەحمود مشهەدانی).

جێگای ئاماژەیە، ١٨ـی ئایار دانیشتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دوو كاندیدی سەرەكی ئەو پۆستە بوون، لە دانیشتنەكەدا دوو خولی دەنگدان بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگەكانی سالم عیساوی لە پێش دەنگەكانی مەحموود مەشهەدانییەوە بوو، دواتر پەرلەمانتارانی تەقەدووم لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزییان درووست كرد، نەیانهێشت كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

هـ.ئ

Comments are closed.