لە چەمچەماڵ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند عەلی مەردان بەرز ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ٤٣ـیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان بەرز ڕاگیرا و

ڕێکخەری مەڕاسیمەکەش وتی: هونەرەکەی عەلی مەردان هێندە گەورەیە یادکردنەوەی بچووکترین کارە بکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخچەی نەورۆز لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و هاوڵاتییانی شارۆچکەکە، یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان بەرز ڕاگیرا.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا سعود سەنگاوی وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و پاشان لەلایەن مامۆستا نەریمان باسێک لە ژیانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد عەلی مەردان کرا و وتی، مامۆستا عەلی مەردان هەر بە منداڵی دایک و باوکی کۆچی دوایی دەکات و ڕوو دەکاتە شارەدێی لەیلان، دواتر ڕوودەکاتە شاری بەغداد لە بەغداد دەست دەکات بە وتنی گۆرانی و مەقامات بەبێ ئەوەی دەرچووی هیچ پەیمانگایەکی هونەری بێت، پاشان هۆنراوەیەکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، هەروەها لەلایەن  مامۆستا محەمەد کاکەیی پارچە هۆنراوەیەک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر لەلایەن هونەرمەند حسێن عەلی قادرکەرەمیەیەوە چەند گۆرانییەکی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری کەرکووک، لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایک بووە، عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن، بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە، لە ٢٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی پشت تەكیەی تاڵەبانی بەخاکسپێردراوە.

ب.گ

Comments are closed.