بەرخۆدانی گەل، گەریلا، شەڕڤان گەلی ئێزدی لە لەناوچوون پاراست
بەشی سێیەمی زنجیرە دۆسییەکانی کۆمەڵکوژیی شنگال بەدەستی چەتەکانی داعش
ناوەندی هەواڵەکان
لە دوای داگیرکردنی موسڵ بەهۆی ناوچە ستراتیژییەکەیەوە داعش بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕووی لە شنگال کرد و هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ کرد و ژنانی ڕفاندن، دەیان هەزاری دیکەش ئاوارەبوون، بەڵام هەر زوو بە تێکۆشانی گەل، گەریلا و شەڕڤانان لوتیان لە چیای شنگالدا شکێندرا و ئەو چیایە وەک چۆن گەلی ئێزدی پاراست بەو شێوەیەش بوو بە دەرگای کۆتاییهێنان بە داعش.
هەڵهاتنی پەدەکە و هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شنگال
بە فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەر دوای داگیرکردنی موسڵ یەکەم هەنگاوی چەتەکانی داعش ڕووکردنە شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی بوو، لەلایەکی دیکەشەوە چەکدارانی پەدەکە وەک ئەوەی بڵێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ داعش هەبێت، لە کاتێکدا کە پێنج هەزار چەکداری لەناوچەکەبوو، لەچەند کاتژمێرێکی کەمدا هەمووی چۆڵکرد، نەک تەنها ئەوەش بەڵکو لەگەڵ هەڵهاتنیدا دەیان کەسی چەک کرد و هیچ ئامرازێکی خۆپاراستنی بۆ نەهێشتنەوە.
لەگەڵ هەڵهاتنی چەکدارانی پەدەکە، دەرگای کۆمەڵکوژیی بۆ چەتەکانی داعش کرایەوە و بە ٢٠٠ ئۆتۆمبێلەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو کۆمەڵگەی گرزەرک و سیبای شێخ خدر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شنگال، دانیشتووانی ئەو دوو کۆمەڵگەیە زانیاریی ئەوەیان پێگەشتبوو کە پەدەکە بێبەرگریی دەیانهێڵێتەوە و داعش هێرشان دەکاتە سەر، بۆیە بەو چەند پارچە چەکە کەمەی هەیانبوو بڕیاری بەرخۆدانیان دا و خەندەقیان لە دەوری کۆمەڵگەکان هەڵکەند و بە هەلهەلەی دایکان و بازووی کوڕ و کچانی ئێزدی تا ئاستی شەهیدبوون بەرگرییان کرد.
بە هۆی ناهاوسەنگی هێز و کەرەستەی شەڕەوە، تاکە ئامانجی ئەو بەرگرییەی لەو دوو کۆمەڵگەیەدا کرا، دەرچوونی گەل بوو لە هەموو گوندەکانی سنوورەکە و ناوەندی شنگال پاشان ڕووکردنە چیای شنگال بوو، بۆیە لەو پێناوەشدا زیاتر لە ١٠٠ گەنج و مێرخاس و ژن خۆیان کرد بە قەڵغان و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، گەر ئەو بەرخۆدانییانە نەبوایە ئەوا کۆمەڵکوژییەکە زۆر گەورەتر دەبوو.
لە ئەنجامی خیانەتی پەدەکە و پشتیوانی دەوڵەتی تورک چەتەکانی داعش دەستیان بەسەر شنگالدا گرت، بەشێکی خەڵکی شنگالیش خۆی گەیاندبووە چیای شنگال بەشێکی دیکەشیان لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکران و ژنان ڕفێندران و لە بازارەکانی ڕەقەدا وەک کۆیلە بازرگانییان پێوەکرا.
هۆشدارییەکەی ڕێبەر ئۆجالان و بەرخۆدانی ١٢ گەریلای پەکەکە
پێش کۆمەڵکوژیی شنگال بەدەستی چەتەکانی داعش، وێرای بارودۆخی سەختی لە ئیمرالی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەستی بە مەترسییەکان لەسەر شنگال کرد و ڕایگەیاند، “دەبێت هێزەکانی گەریلا بەزوویی خۆیان بگەیەنن بە شنگال و گەلی ئێزدی بپارێزن”، سا بۆیە لە ٥ـی ئابدا بە فەرماندەیی “شەهید دڵشێر” ١٢ گەریلای ئازادیی بە زوویی خۆیان گەیاندە چیای شنگال و لوتی چەکدارانی داعشیان لە چیاکەدا شکاند و پارێزگارییان لە گەل کرد.
لەو کاتەدا شەپۆلی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو بووەوە، چاو و گوێی هێزەکانی شۆڕشی ڕۆژئاواش لەسەر شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی بوون و بۆ پاراستنی شنگال ئەوانیش کەوتبوونە جوڵە، دواتر شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە شەڕێکی ڕووبەڕوو داعشیان تێک شکاند و خۆیان گەیاندە چیای شنگال، لە ماوەی ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتریان تێپەڕاند، گەیشتنە چیای شنگال و هەتا ڕۆژئاوا ڕێگای ڕزگارییان بۆ ئێزدییەکان کردەوە.
لە پرۆسەی پەروەردەوە بۆ ڕزگارکردنی شنگال
دوای ڕزگارکردنی گەلی ئێزدی و گواستنەوەی زۆرینەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کچ و کوڕانی ئێزدی پەروەردە کران، ئەم هەنگاوە لە چەند کەسێکەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ سوپای پاراستنی ئێزدییەکان، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال- یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شنگال-یەژەشە دامەزرێندران، وەڵامی ئێزدییەکان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدا بە سوپابوون بوو، ئیتر قۆناغی پاراستن کۆتایی هات و کاتی هەنگاوی ڕزگارکردنی شنگال هاتبوو، لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا، چیای شنگال کرا بە دەرگای سەرەتای تێکشکاندن و کۆتایی داعش.
هەلهەلەی ڕزگارکردن درا بە گوێی هەموو جیهاندا
ڕزگارکردنی شنگال هێندە ئاسان نەبوو، چونکە داعش بە تەواوی هێزییەوە لەناوەندی شنگالدا بوو، بە پیلانێکی تۆکمەی تۆکمەی گەریلا و شەڕڤانان لە ڕۆژی ٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، ئۆپەراسیۆنی دۆڵی “شیلۆ”ـیان بۆ ڕزگارکردنی شنگال دەست پێ کرد و زۆربەی گوندەکانی شنگالیان ڕزگارکرد.
ئەم داستانە مێژووییەی گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە، یەپەژە، یەبەشە و یەژەشە لە ماوەی ١١ مانگی شەڕی سنگ بە سنگ و ماڵ بە ماڵ و بەرخۆداندا بەرهەمەکەی ڕزگارکردنی شنگال بوو لە دەستی چەتەکانی داعش کە لە ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، بە تەواوی هەلهەلەی ڕزگارکردنی شنگال درا بە گوێی هەموو جیهاندا.
بەڵام دوای ئەو هەنگاوە مێژووییە هەرکەسێک ویستی خۆی بکات بە پاڵەوان، یەکێک لەوانەش هێزەکانی هاوپەیمانان بوو کە لە بنەڕەتدا ئەو هێزانەبوون ڕێگەیان بۆ داعش خۆشکرد کۆمەڵکوژیی ئەنجامدات و دەیانویست خۆیان وەک ڕزگارکەری شنگال نیشانبدەن.
ب. جـ
Comments are closed.