شنگال.. لە کۆمەڵکوژییەوە بۆ خۆبەڕێوەبەریی و ئاواکردنى سیستەمێکی دیموکراتیک

بەشی چوارەم زنجیرە دۆسییەکانی کۆمەڵکوژیی شنگال بەدەستی چەتەکانی داعش

ناوەندی هەواڵەکان

چەتەکانى داعش وەک چۆن چوونە هەر ناوچەیەک و داگیریان کرد تاوانی جینۆسادیان ئەنجامدا، ئاواش کە شنگالیان داگیر کرد هەزاران کەسیان کۆمەڵکوژ کرد و لەچەندین گۆڕی بە کۆمەڵدا شاردیانەوە، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی بێهیواکردنى گەلی ئێزیدی، بەڵکو سەر لەنوێ سیستەمێکی نوێیان ئاوا کرد کە هەموو گەلی ئێزیدی لە سایەیدا بحەسێنەوە و کەمپەکان جێبهێلن و بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.

هەر لە سەرەتای هێرشکردنە سەر شنگال چەتەکانی داعش دەستیان بە کۆمەڵکوژیی و ڕفاندنی ژنان کرد، بە جۆرێک لە ماوەی ئەو هێرشەدا شەش هەزار و ٤١٧ کەس ڕفێندرا کە زۆرینەیان ژن بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٥٦٢ ڕزگار کرا، کە هەزار ٢٠٧ـیان ژن، دوو هەزار و ١٦ ژنی گەنج و ٣٣٩ـی دیکەش پیاوبوون، بە گشتیی ئەو کەسانە لەلایەن یەپەگە، هەسەدە، یەبەشەوە ڕزگارکراون، بەشێکی کەمیشیان بە هەوڵی خۆیان ڕزگاریان بووە، تا ئێستاش چارەنووسی دوو هەزار و ٦٩٣ کەسی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.

هەروەها بە هۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە زێدی خۆی قەڵاچۆ کرا و ئاوارەکرا، لەلایەکی دیکەشەوە هەموو خانوو و باڵەخانەکانی کۆمەڵگەکانی گرزەرک، سیبای شێخ خدر و سنوونێ لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە یان ڕووخێندران.

هاوکات هەزار ٥٠٠ کەس کە لە دژی چەتەکانی داعش بەرخۆدانیان کرد کۆمەڵکوژکران و ٢٨٠ کەسی دیکەش بە هۆی ئاوارەبوونەوە لە تینوێتی و برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها ٨٩٠ کەس لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە کۆمەڵکوژییەدا برینداربوون.

تا ئێستا ئێسک و پروسکی هەزار و ٢٠٠ کەس لە ٩٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراوەتەوە و دەرهێندراون، گومانیش دەکرێت ژمارەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان زیاتر بێت و تا ئێستا بەشێکیان نەدۆزراوەتەوە.

لە کۆمەڵکوژییەوە بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی

دوای کۆمەڵکوژی و ئەو هەموو قوربانیدان و برینە قورسە لە جەستەى شنگالییەکان درووست بوو، سەردەمێکی نوێ لە هەرێمەکە دەستى پێکرد و سیستەمی خۆبەرێوەبەری ئاوا کرا و دامو دەزگاکان سەر لەنوێی و بەسیستەمێکی دیموکراتیکانە بوونیاد نرانەوە، گەل کەوتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی و بەشدارییان لە سیستەمەکەدا کرد، لەوە بەدوا شنگالێکی نوێی کەوتە سەرپێ کە زۆر جیاواز بوو لەو سیستەمە سەپێندراوەى پەدەکە چەندین ساڵ بوو پەیڕەوی دەکات.

هاوکات سیستەمێکی بەرگری و ئەمنی توندوتۆڵ بەناوی ئیزیدخان بۆ هەرێمی سەنگال دروست کراو کوڕو کچانى شنگال تەفلی سیستەمەکە بوون، بۆ پاراستنى گەلی شنگال و هەرێمەکە هەزاران جەوانی کوڕو کچی ئێزیدی چەکیان لە شان کرد و نەیانهێشت پەدەکە و دەوڵەتى تورک و داعش داگیری بکەنەوە، لای خۆشییەوە گەل هەم پشتیوانى لەو سیستەمە بەرگرییە کرد و لەلایەکی دیشکەوە ئەوانیش شەڕڤان ئاسا شنگالیان پاراست.

ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال سەرجەم پێکهاتەکانى هەرێمی شنگالی لەخۆی گرتووەو نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانى تێدایە کە بە هاوبەشی هەرێمەکە بەڕێوەدەبەن، هاوکات سەرجەمیان لە پۆست و ئیدارەى شارەکە پشکی خۆیان پارێزراوە.

ئیدارەى خۆبەڕێوەبەری بە پشتیوانى گەلی شنگال بەرگەی هەموو ناخۆشی و گەمارۆی پەدەکە و حکومەتى عێراق و بۆردوومانەکانى دەوڵەتى تورکیان گرت و هەنگاو بە هەنگاو شنگالیان ئاوەدان کردەوە، ئەوەش هیوای لای ئاوارەکانى شنگال لە شارەکانى هەرێمی کوردستان دروست کرد بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان لە شنگال،  بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوارەى زیاتر دەگەڕانەوە تا ئەم ساتە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شنگال و دووبارە ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانی خۆیان بەردەوامە.

ئەگەرچی سیستەمی خۆ بەڕێوەبەری لەلایەن حکومەتى عێراقەوە دانی پێدانەنراوە، بەڵام حکومەتى عێراق مامەڵە لەگەڵ خۆبەرێوەبەری شنگال دەکات، بۆیە خواست و داواکاریی گەلی شنگلیش ئەوەیە حکومەتى عێراق بە فەرمی دان بە ئیدارەی هەرێمەکەیاندا بنێت، بۆ ئەوەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین شاندی خۆبەڕێوەبەری و گەلی شنگال سەردانى بەغدایان کردوە، بەڵام تا ئێستا ئیدارەى خۆبەرێوەبەری بە فەرمی نەناسێندراوە.

سەرەڕایی هەواڵی بەردەوام لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتى تورکەوە هەیە بۆ داگیرکردنى شنگال، بەڵام هێزی بەرگری خۆبەڕێوەبەری و گەلی شنگال ڕێگەیان بەو هەوڵانە نەداوەو خۆیان لەسەر پێ وەستاون بۆ پاراستنى دەستکەوتەکان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە.

‌هـ.ح

Comments are closed.