ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.. هەنگاوێک بۆ ژیانەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی

بەشی پێنجەم زنجیرە دۆسییەکانی کۆمەڵکوژیی شنگال بەدەستی چەتەکانی داعش

ناوەندی هەواڵەکان

لە دوای ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژیی گەلی ئێزدی کە بە دەستی چەتەکانی داعش ئەنجامدرا و هەوڵی قەڵاچۆ کردن و سڕینەوەیان دا، گەلانی شنگال بە دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەیی بوون بە وەڵامگۆی کۆمەڵکوژیی، لە چوارچێوەیەشدا لە هەموو کایەکانی ژیاندا گەل خۆیان بەڕێوەدەبەن.

خۆبەڕێوەبەریی دوای کۆمەڵکوژیی چۆن ژیانی ئافراندەوە؟

سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، سیستەمێکی ئاسۆیی بەڕێوەبردنە بە واتایەکی دیکە لە گەلەوە بۆ گەل، بەهۆی تایبەتمەندی و دەوڵەمەندیی و هێزەکەیەوە، هیچ تاکێکی کۆمەڵگە لەدەرەوەی سیستمەکەدا نامێنێتەوە و پەل دەکوتێت بۆ ناو هەموو سێکتەر و بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ئەنجوومەنی گەل ڕۆڵی چەترێک دەگێڕێت بۆ سیستەمەکە و بەشداریکردنی ژن و پیاو لە ناو سیستمەکەدا یەکسانە و بە شێوازی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەبرێت.

دوای ڕزگارکردنی شنگال، گەلی ئێزدی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژیی و مەترسییەکانی سەریان، پەنایان برد بۆ سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال لە ژێر ڕۆشنایی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا دامەزرا و کاریکرد بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و کردنەوەی ناوەندەکانی پەروەردە و ئاساییکردنەوەی ژیان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ شارەکە، هەر بۆیە لە حوزەیرانی ٢٠١٦ ئاسایشی ئێزدخان دامەزرا.

لە ئێستادا ئەم ئیدارەیە لە هەموو کایە ژیانییەکاندا خاوەنی ئەنجوومەن و گرووپ و دەستەی تایبەت بە خۆیەتی، هەموو هەوڵێکی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی و پێشکەشکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ گەلی ئێزدی، هەروەها چەندین ناوەندی کەلتووریی و هونەریی بنیاتنراوە و پاریزگاریی لە هونەریی ڕاستەقینەی ناوچەکە دەکرێت.

لە سێکتەرە جیاوازەکانی وەک تەندروستیی، ئابووریی، پەروەردەیی، خۆپارێزیی و سێکتەرەکانی دیکەدا، بەپێی توانای ئیدارەکە هەوڵی باشترین ژیان بۆ گەل دەدەن، هەروەها بە هۆی ئەو سیستەمە یەکسان و دادپەروەرەوە کە مافی هەموو تاک و گەل و ئاینێک دەدات لە ئێستادا هەموو ئەو ناوچە و گوندانەی چەتەکانی داعش ڕووخاندیان، بووژاوەتەوە و گەل پۆل پۆل دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییدا دەکات؟

ئامانجی گەلی شنگال لە دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییدا ئەوەبوو کە چیدیکە ڕادەستی سیاسەتە چەوتەکانی پەدەکە نەبێت کە چەندین ساڵ بۆ بەرژەوەندیی خۆی پشتی لە گەل دەکرد، هەروەها ژیانێکی دیموکراسییانە و دوور لە توندوتیژیی و یەکتر قەبوڵ کردن بۆخۆیان فەراهەمبکەن.

وێرای ئەو دەستکەوتە مەزنەی گەلی ئێزدی، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق دانی بە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکەدا نەناوە، لە بەرامبەردا تەنها دوو داخوازی گەل ئەوەیە کە دان بە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکەدا بنێت و ئەو چەتانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدیدا هەبووە و ئەو هێزانەشی کە ئامادەنەبوون بەرگریی بکەن و دەرگای ئەو کۆمەڵکوژییەیان کردەوە دادگایی بکرێن.

پیلانەکان دژی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری شنگال

بێگومان ئەم سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییە بێ دژایەتی نییە، لە ئێستادا چاوەکانی پەدەکە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و عێراق لەسەر ئەم سیستەمەیە، چونکە ئەم سیستەمە تەنها بەرژەوەندیی گەل بە بنەما دەگرێت و نابێتە پێکهێنەری مەرامە جیاوازەکانی دەرەوەی گەل، بۆیە بەردەوام پیلانگێڕیی لە دژی بەڕێوەدەچێت و هەوڵی بێکارییگەرکردنی دەدرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە سەر ناوی پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی-پادێ، گەلی شنگال توانییان ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەربخەن، بەڵام بە پیلانگێڕییەک پەدەکە شکستی بەو دەستکەوتە هێنا.

هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا بە گۆڕینی قائیمقامی شنگال و بەڕێوەبەریی شارەدێی سنوونێ و دوو کەسی نزیک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال بۆ ئەو پۆستانە دیارییکران، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر ئەو دوو پۆستە لە ژێر دەستی پەدەکەدا بوو، ئەوا ڕێگریی لەو بڕیارەکرد و لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئەو بڕیارە وەستێندراوە.

ب. جـ

Comments are closed.