لەبارەى ڕووداوێکى هاوشێوەى کوشتنى ئیسماعیل هەنیە لە عێراق هۆشداریى دەدرێت

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هۆشداریی دەدەین لەوەی، كە ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشێکى هاوشێوەى تیرۆر كردنی ئیسماعیل هەنیە لە دژی سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەنجام بدەن.

عەلاوی بەنداوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی هێرشێکى هاوشێوەى سەر ئیسماعیل هەنیە لە عێراق و كردنە ئامانجی سەركردەكانی حەشدی شەعبی، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عەلاوی بەنداوی ڕاگەیاند، هۆشداریی دەدەین لەوەی، كە ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشێکى هاوشێوەى تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە لە دژی سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە دڵنیاییەوە سەركردەكانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی دیكە، ڕێوشوێنی ئەمنی و خۆپارێزی دەگرنەبەر بۆ ڕێگریكردن لە هەر جۆرە بە ئامانجكردنیان، بەڵام دەبێت ئەو ڕێوشوێنانە توندتر بكەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە ئامانجكردنێكیان بكەن.

وتیشى، ڕەنگە ئیسرائیل تاوانكارییەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو و مەترسیدار لە ناوخۆی عێراق پەرەپێ بدات.

جێگای ئاماژەیە، شەوی ٣٠ـی تەمموز بنكەی سەربازی لیوای ٤٧ـی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخەری سەر بە پارێزگای بابل بۆردوومانكرا و بەهۆیەوە چوار چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و دووانی دیكەش برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.