تۆمەتبارێكی دیكەی بەشدار لە دزی سەدە دەستگیر كرا

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایگەیاند، تۆمەتبارێكی دیکەى بەشدار لە دزی سەدەیان لە توركیا وەرگرتووەتەوە، كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوو، ئەو كەسە تۆمەتبارە بە دزینی نزیكەی ملیارێك دیناری عێراقی، دەشڵێت، كەسێكی دیكە دەستگیركراوە، کە تۆمەتبارە لە دزینی زیاتر لە تریلیۆن دینار.

دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق سەبارەت بە وەرگرتنەوەی یەكێك لە تۆمەتبارانی سەرەكی لە دۆسێیەی دزینی پارەی باج، كە ناسراوە بە (دزی سەدە) كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

حەیدەر حەنون ڕایگەیاند، هەرچەندە گەندەڵكاران هەوڵی شاردنەوەی دزەكان بدەن، پرسی دزی سەدە ون نابێت، چونكە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی حكومەت، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكارانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، قاسم محەمەد بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای نەهەنگی هامپباك لە هەرێمی كوردستان تاوانبارە بە بەشدارى لە دزی سەدە، دوای ئەوەی هەڵاتبوو بۆ توركیا دەستگیركرا و ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كرایەوە.

دەشڵێت، قاسم محەمەد یەكێكە لە تۆمەتبارانی سەرەكی لە دۆسێیەی دزینی پارەی باج، هەروەها ئەو بە دزینی ٩٨٨ ملیار دیناری عێراقی تۆمەتبارە، هەرچەندە ئەمانەش ئاماری كۆتایی نین، هەروەها، نوور زوهێر تۆمەتبارێكی سەرەكیە و دادگایی دەكرێت، سەرۆكی حكومەت ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ پرسی دۆسێیەی باج دەكات.

لە كۆتایدا وتی، تۆمەتبارێكی دیكە بەناوی محەمەد فەلاح جەنابی، بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمپانیای قانت دەستگیركراوە، کە تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار لە ڕێگەی ٧٩ ئامێری ساختەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.