“نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و دۆخی دەنگدەران”

وەلی مەحمود حەمەد- مامۆستاى زانکۆ

کەمتر لە سێ مانگمان ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان، دەمەوێ تیشکێک بخەمە سەر کاریگەریەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی ژیاری – سیاسی لە کوردستان لەسەر دەنگدەر.

ئەوەی جێگەی سەرنجە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە (کاندیدی سەربەخۆ)یە لەم هەرڵبژاردنە، کە لە چوار هەڵبژاردنی پێشوودا هەرگیز ژمارەی بەوجۆرە نەبیندراوە.

ئەوە پێمان دەڵێ، کە دۆخی جەماوەری کوردستان و کۆبوونەوە و متمانەیان لە دەوری لیستەکانی کە ساڵانێکە حزبایەتی و سیاسەت دەکەن گۆڕاوە، ئەوە دەگەیەنێ کە ئیتر بوونە ئەندامی پەرلەمان بۆ جۆرێک لە ئیمتیاز و دەستکەوت سەیردەکرێت نەوەک خزمەت، چونکە بەڕاستی شاهیدی ئەوەین کە لە خولەکانی پێشوو، ئەندام پەرلەمان هەبووە کە زۆر ناشایستە و بێ توانا بووە بۆ ئەو کارە کە چی حزبەکان لە لیستەکان دایانناون و سەریان خستووە.

هەروەها لە ١٠٠ لیست زیاتر کێ بڕکێ دەکەن و ژمارەی پەرلەمانتاران لەم هەڵبژاردنەدا بۆتە ١٠٠ کەس.

حکومەت لە دۆخێکی بەهێزدایە؟

حکومەتی هەرێم ئێستا زۆر لە دۆخی بێ هێزیدایە، لەلایەک قوڕگی هەرێم گیراوە بۆ بابەتی فرۆشتنی نەوت بە رەسمی، لەلایەکی ترەوە حکومەتی فیدڕاڵ و بەغدا مووچەی خەڵک دەنێرێ، کەوا دەوترێت سەرووی ملیۆنێک کەس مووچەخۆرن.

ئەوانە خێزان و ماڵ و منداڵیان هەیە، کەواتە دەتوانین بڵێین نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی هەرێم ئیعتمادی تەواوی ژیانی لەسەر مووچەی هاتوو لە بەغدایە، بەم پێیەش، هەرێم زۆر دەستەوەستانە لە بەرامبەر خەڵک.

هێزە ئەمنییەکان زۆرترین دەنگدەریان هەیە

ئەوەی زۆر کاریگەرە ئەو سەدان هەزار دەنگدەرەی هێزی چەکدارە، پۆلیس، پێشمەرگە، ئاسایش، کە لە هەڵبژاردنەکانی تر بە مسۆگەری، دەنگیان بە حزبەکانی حوکمڕان دەدا، بە رێژەیەکی زۆر کە خۆی لە سەرووی ٨٥ ٪ دەدا بەڵام ئەمجارە ئەوە نابێ.

دەتوانین چەند فاکتەر و هۆکارێکی تریش باس بکەین، کە راستەوخۆ کاریگەریی دادەنێ لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم، سەرەڕای ئەو هۆکارانەی کە پێشتر باسمان کردووە. هۆکاری هەرە گرنگ دۆخی ناوخۆی هەرێم و (حكومەتی کاربەڕێکەرە) کە بەڕاستی پێکهێنەرەکانی هیچ متمانە و تەباییەک لەنێوانیاندا نابیندرێت.

ئێستا ئەگەر وا بزاندرێت لەناوخۆی هەرێم کێشەی رێگەوبان، تانکەر و ترێلە، دادگاکان، گومرگەکان، کاریگەریی نەرێنیان نییە لەسەر دەنگدەر بە راستی گەمژەییە.

ناتەبایی لە کەرکوک کاریگەریی هەیە

دۆخی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (کە قوڵایی ستراتیژی کێشەی نەتەوەییمانە) هیچ لە قازانجی حزبەکانی خاوەن دەسەڵات و نفوز و مێژوو نییە و کاریگەریی خۆی هەیە لەسەر دەنگدەری کوردستان.

راستە ئەم هەڵبژاردنەی کوردستان خەڵکی کەرکوک دەنگ نادەن و بەشداری ناکەن، بەڵام بابەتی نەتەوایەتی و رێککنەکەوتن لە کەرکوک، کاریگەریی دەبێ لەسەر دەنگدەری هەرێم و قۆستنەوەشی کارێکی کردەییە.

ململانێی ی.ن.ک و پ.د.ک و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا چۆن کاریگەریی نابێ لەسەر دەنگدەری هەرێم؟

 دۆخی مەخمور و شنگال و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان کە ئێستا ناکۆکی هەردوو حزبی خاوەن پێگە و دەسەڵاتە، دەتواندرێت بکرێتە فاکتەرێک بۆ راکێشان یان دڕدۆنگکردنی دەنگدەری هەرێم، چونکە خەڵکەکە رۆژانە بەدواداچوون بۆ راگەیاندنەکان و دۆخەکە دەکەن.

هاتنی سوپای تورکیا هەڵبژاردن پەک دەخات؟

هاتنی سوپای تورکیا بەم قەبارەیە بۆ ناو هەرێم و رۆژانە هاتنی درۆن و فڕۆکەی تورکیا چۆن بێ کاریگەر دەبێ لەسەر دەروونی دەنگدەری کوردستان؟

هەندێک بە دووری نازانن ببێتە هۆکارێکی وەها کە هەڵبژاردنیش پەک بخات، ئەوە جگە لەوەی کە خۆی هۆکارێکی کاریگەرە لەسەر دەنگدەری هەرێم و قۆستنەوەی ئەم دۆخەش کەرەستەی خۆی دەوێت لەلایەن دۆست و نەیاری ئەم دەستدرێژییە. فاکتەرێکی کاریگەری تری فرەڕەنگ، بوونی رێژەیەکی زۆری دەنگدەری گەنجە لە هەرێم. ساڵانە نزیک بە ٣٠٠ هەزار گەنج لە سەرتاسەری هەرێم، زانکۆ و پەیمانگاکان تەواودەکەن و ماوەی ١٠ ساڵیشە دامەزراندن وەستاوە، ئەم رێژەیە زۆر تووڕە و نیگەرانە لە بەرێوەبردنی وڵات.

لەولاوەش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگدەری گەنج خوێندکاری ئێستای زانکۆ و پەیمانگاکانن کە ئاسۆی دوای دەرچوونیان لە خوێندن لەبەردەمیان لێڵە بۆ پەیداکردنی کار و وەزیفە.

ئەمانە ژمارەن و قسەی خۆیان دەبێ لە هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانیان دەردەکەوێت. ئایا لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا بەرنامە و پلانی حزبەکان و لیستەکانیان چییە؟ چۆن دەنگدەرەکانی خۆیان ئاشت دەکەنەوە و چۆن قەناعەتیان پێدەکەن کە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن؟

 ئەوەی پێشتر پێی دەوترا ئۆپۆزسیۆن متمانەی لەدەستداوە، بەتایبەتی ئەوانەی تاقیکرانەوە و شەریکی دەسەڵات بوون. واتە ئەوانەی پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بچنە دەسەڵات گۆڕانکاری دەکەن، بەڵام خەڵک پێیاندەڵێ (خۆزگە بە کفن دز).

ئەوەی تا ئێستاش هەر لە راگەیاندن قسەدەکا و وە دەنگەکانی خەڵكی ناڕازی لە دەسەڵاتیان لە رابردوو بەدەستهێناوە و سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بوون، هەندێک مەوقیفی لاواز و ئیدیعای بۆش و ناڕاستیان لێ بیندراوە، دۆخیان لەناو خەڵک باش نییە وەک خۆیان دەیڵێن.

کەواتە ئەم هەڵبژاردنە یەکجار ئاڵۆز و پڕ فاکتەرە و تەزویرکردنیش وەک دەڵێن لەم هەڵبژاردنە قورسە.

لیست و حزبی زیرەک ئەگەر بە عەقڵانی سوود لەم سێ  مانگە وەربگرێت دەتوانێ شتێک بە شتێک بکات ئەگەر لە دەسەڵاتیش بووبێت.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

Comments are closed.