فەڕه‌نسا هۆشداری دەداتە هاوڵاتییانی سەردانی سێ وڵات نەکەن

ناوەندی هەواڵەکان

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فەڕه‌نسا، هۆشداری دەدات بە هاوڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی و داوایان لێ دەکات، كه‌ گه‌شت بۆ ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین و لوبنان نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بەهۆی فراوانبوونی مەیدانی جەنگی غەزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فەڕه‌نسا، له ‌ڕاگه‌یا‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی جەنگی سه‌ربازیی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به ‌فه‌رمی داوا لە هاوڵاتییانمان ده‌كەین، خۆیان له‌ گه‌شتكردن بۆ ئیسرائیل و لوبنان و فه‌ڵه‌ستین به ‌دوور بگرن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “ناوچه‌ سووره‌كان‌ فراوانتر كراون، كه‌ تێیدا گه‌شتكردن به‌ هیچ بیانوویه‌ك پێشنیار ناكرێت، پاریس به‌ فه‌رمی فەڕه‌نسییه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ خۆیان له‌ گه‌شتكردن بۆ لوبنان به‌دووربگرن”.

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرژی و ئاڵۆزی زیاتری به‌خۆوه‌ بینیوه‌ به‌تایبه‌ت دوای تیرۆركردنی ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس له‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی له‌ تارانی پایته‌خت، كه‌ دوێنێ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كرایه‌ ئامانج.

ب.گ

Comments are closed.