وتاربێژی مزگەوتی ئەقسا لەسەر ماتەمینی بۆ هەنیە دەستگیر کرا

ناوەندی هەواڵەکان

پۆلیسی ئیسرائیل، عكریمە سەبری وتاربێژی مزگەوتی ئەقسای لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی ئەلسەوانە دەستگیر كرد، دوای ئەوەی لە وتاری هەینیدا ماتەمینی بۆ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی کوژراوی مەکتەبی سیاسیی حەماس گێڕا.

لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراوەتەوە، کە تیایدا عكریمە سەبری وتارخوێنی مزگەوتی ئەقسا لە کاتی وتاری هەینیدا ماتەمینی بۆ ئیسماعیل هەنیە دەگێڕێت، لەو کاتێکدا نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا درووشمی “الله اکبر” دەڵێنەوە.

پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی یەكێك لە وتاربێژەكان لە مزگەوتی ئەقسا، پۆلیس دەستی كرد بەلێكۆڵینەوە لە وتارەكە، لەوەی پەیوەندی بە هاندان دژی ئیسرائیلەوە هەیە یاخود نا و بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە مامەڵە دەكەن.

پارێزەر خالد زەبارقا، یەکێک لەو پارێزەرانەی کە بۆ بەرگریکردن لە شێخ سەبری ڕاسپێردراوە ڕایگەیاند، “ئەو قسانەی شێخ سەبری لە وتارەکەیدا کردوویەتی، لە تۆمەتنامەکەدا داواکاری گشتی ئیسرائیل ئەمەی خستووەتە چوارچێوەی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و داوای لە دادگای کرد کە شێخە تەمەن ٨٦ ساڵەکە تاوانبار بکات”.

هەر لەمبارەیەوە، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، لە پلاتفۆرمی ئێكس بڵاوی كردەوە، فەرمانی لێکۆڵینەوە بە گومانی هاندان لە دەسەڵاتی داواکاری گشتیدایە، بۆیە دوای وتارێکی مەترسیدار لەلایەن شێخ عکریمە لە مزگەوتی ئەقسا، پۆلیس دەستی بەڕێكارەكانی لێكۆڵینەوە كردووە و بانگهێشتی كردووە.

ب.گ

Comments are closed.