ناوەندی هەواڵەکان
لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی شنگال محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەردەوامین لەناوبردنی پاشماوەى چەتەکانی داعش، دەشڵێت، حکومەتی عێراق پابەندە بە زامنکردنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانەی بە دەست تیرۆرەوە دەناڵێنن.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆى تێپەڕبوونى ١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدى ئێزدییەکان لەلایەن چەتەکانى داعشەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، بەبیر خۆمانی دەهێنینەوە، کە گەلی ئێزدی و باقی پێکهاتەکانی دیکە ڕووبەڕووی چ پێشێلکاریی دڕندانە بوونەوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانمان بەردەوامن لەناوبردنی پاشماوەى چەتەکانی داعش و دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییان، کە ئەو چەتانە لە عێراقدا هیچ پەناگەیەکی ئارام نادۆزنەوە.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق پابەندە بە زامنکردنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانەی بە دەست تیرۆرەوە دەناڵێنن و لەو چوارچێوەدا بە چڕی کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییانی دەستی داعش.
لە کۆتاییدا هاتووە، حکومەتى وڵاتەکەمان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی تیرۆرەوە زیانیان بەرکەوتووە، بە ئامانجی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٠ ساڵ پێش ئێستا چەتەکانى داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەرى بەهۆیەوە هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و سەدان هەزارى دیکەش ئاوارەبوون.
ڕ.ش
Comments are closed.