ناوەندى هەواڵەکان
لە دەیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا بەرەی ژنانی باشووری کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنن، لە دەیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا، کە زۆرترین قوربانی تیایدا ژنان بوون، بکەران و هاوکارانی ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین.
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە دەیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بەهۆی خیانەتی پەدەکە و جێهێشتنیان بێبەرگریی بۆ چەتەکانی داعش، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە تێیدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڵێن دووپات دەکەنەوە، کە خاوەندارێتیی لە پرسی ژنانی ئێزدیی بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی ژنانی باشووری کوردستان..
ئەو کۆمەڵکوژی یاخود فەرمانەی کە بەسەر ئێزیدییەکاندا هێنرا لە ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا، لە مێژوودا بوە ٧٤ەمین جار، کە تیایدا ئێزیدییەکان لە ئاردنگاری و جوگرافیای جیاوازدا لەلایەن دەسەڵات و هێزە هەڵپەرستە توندڕەوەکان لە دژیان ئەنجام بدرێت، بەڵگە نەویستە کە بەهەزاران ژنی ئێزیدی لەو هێرشە کۆمەڵکوژییەدا بوونە قوربانی، کە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لەو ژمارەیە وێڕای هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنیان، هێشتا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن هێزە ڕزگارکارەکانی وەک “یەپەگە و یەپەژە”وە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا هەزاران لەو ژن و منداڵانەی، لەلایەن داعشەوە ڕفێنرابوون و برابوون بۆ ئەوێ و بازرگانی و کاری فرۆشییان پێوەدەکرا، ئازادکراون وگەیەنراونەتەوە بە خێزان و کەس و کاریان.
زهنیەتی پاشکەوتوو و کۆنەپارێزی داعش و دروستکەرەکانی، ئامانجیان بوو لە کەسایەتی و کۆمەڵگەی ئێزیدیدا دەست بۆ زیانگەیاندن و لێدان لە زمان، نامووس، کەلتوور، جوگرافیا، هونەر و هەبوونی ڕەسەنی کوردان ببەن و بەناوی ئاینەوە داگیریان بکەن و لەسەر حسا بی گەلی ئێزیدی بگەنە ئامانجە گڵاوەکانیان، بەڵام وەک بینرا ئەو خەونەی داعشی دروستکراوی دەستی تورکیای داگیرکار و هاوبەشەکانی لەسەر دەستی کچان و کوڕانی تێکۆشەری ڕێی ئازادی کورد و مرۆڤایەتی تێکشکێنرا، کە تا ئێستاش بەردەوامن لە دژایەتی کردنی ئێزدییەکان و هەر دەستکەوتێکی خۆڕسکی ئەوان، بۆیە پێویستە هەم لەسەر ئێمەی ژن هەم لەسەر هەر کوردێکی ئازادیخواز و خاوەن وێژدان کە پاڵپشت و هاوکاری جددی بن بۆ ئاواکردن و بونیادنانی شنگالێکی ئێزدی خاوەن و چەسپاندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری شنگال دوور لە هەر دەستوەردانێکی هەرێمی و دەرەکی، چونکە بونیادنانی ئەو سیستەمە هەم شەقێکی ترە لە ئامانجەکانی دوژمن کە تورکیا بە پلەی یەکەم و داردەستەکانییەتی لە باشووری کوردستان، هەمیش خاوەنداریکردنە لە ڕەنج و تێکۆشانی ئەوانەی هەر لەسەرەتا و لە ساتەکانی دەستپێکی کۆمەڵکوژییەکە بوونە فەریادڕەسی گەلی ئێزدی، بە ڕەنج و خوێن بوونە بەربەست لەبەردەم گەورەتربوونی قەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە.
ئێمەی ژنان بۆ بونیادنانی شنگالێکی نوێ و کۆمەڵگەیەکی ئیزیدی بەهێز و خۆبوو، خۆبەڕێخستنکردنی ژنان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانین، بۆیە لێرەوە داوا لەو ژنانەی کە تا ئێستا هەنگاوێکی جددیان نەهاوێشتووە بۆ ئەمە، لێرە بەدوا هەوڵی خۆبەڕێخستنکردن و هێنانەئارای ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون، لە دژی هەر هێزێک کە ئامانجی لێدان بێ لە ئاست و پێگەی ژن، بخەنە بواری پراتیکەوە، چونکە ئێمە ژنانی هاونەتەوە (کورد) و هەموو ژنانی جیهان چاومان لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئێزدییە کە ژنان تیایدا پێشەنگ، خاوەن پێگە و بڕیار و هێزی پاراستنی بوون و جەوهەری خۆیان بن.
خۆڕاگری و سوربوونی ئێزدییەکان لەسەر بنەما نەتەوەیی و ئاینییەکانیان، شکستی بە هەموو هەوڵ و پلانەکانی دژمنان هێناوە، کە ماوەی دەساڵە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال بەڕێوەی دەبەن، بەهۆی بوونی هێزەکانی پاراستنی ئێزدییەکان و بونی ئێزیدی گەلێکی خاوەن ئیرادە و تەسلیم نەبوو، ئەو هەوڵ و پلانە دژمنکارانە مایەپووچ بوونە.
داواکارین لۆب و بەرەیەکی تۆکمە و بەهێز لە ژنان دروست بکەین بۆ پاڵپشتی و هاوکاری زیاتر، بۆ بە جینۆسایدکردنی ئەو کارەساتە و ناساندنی ڕەوش و ئازاری ژنانی ڕفێنراو( ئازادبوو، ئازادنەبوو)ی ئێزدی لەدەستی داعش، لەسەر ئاستی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
لە سۆنگەی هەستکردنمان بە ئازاری ئێزدییەکان، بەتایبەتیش ژنان، هەروەها لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان لەبەرامبەر ئەو پرسە، هاوشانی سەرکۆنە و شەرمەزارکردنی بکەر و هاوکارانیان، سۆز و بەڵێنی خاوەنداری کردن لە پرس و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بەتایبەتیش ژنان دەدەین.
ش. ئـ
Comments are closed.