“دەبێت هەمواری یاسای باری کەسی بەیەکجاری ڕابگیرێت”

سلێمانی

پاش زۆربوونی ناڕەزایەتییەکانی دژی هەموواری یاسای باری کەسی عێراق، توانرا لە خشتەی کاری پەرلەمان لاببرێت و خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەکرێت، لە ئێستادا ژنانی نێو حزبەکان دەڵێن: تەنها لابردنی لە کارنامەی پەرلەمان بەس نییە و دەبێت بەیەکجاری ڕەتبکرێتەوە و هەوڵی تێپەڕاندنی نەدرێت.

هێزە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق هەمووارێکیان بۆ یاسای باری کەسی پێشکەشکردووە، کە مافی دایەنیکردن لە دایک دەسەنێتەوە، هەروەها هاوسەرگیریپێکردنی منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ دەشەرعێنێت، یاساناسان و چالاکوانانیش جەختدەکەنەوە، کە ئەو یاسایە پێشێلی مافی ژن و منداڵانە و کۆمەڵگەش بەرەو لێکترازان و زیادبوونی توندوتیژیی تێیدا دەبات.

لەو بارەیەوە هەریەک لە تانیا کەمال بەرپرسی پەیوەندیەکانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەنەکە و شەیدا مەعرووف ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، لە لێدوانێکییاندا بۆ ڕۆژنیوز باسیان لە مەترسی و لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو هەمووارە بۆ ژنان و منداڵان دەکەن.

تانیا کەمال
تانیا کەمال

سەرەتا تانیا کەمال بەرپرسی پەیوەندیەکانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەنەکە باسی لەوە کرد، کە یاسای باری کەسی ژمارەی ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی عێراق یەکێکە لە یاسا پتەو و باشەکان و بەشێکی زۆری لەبەرژەوەندی ژناندایە، بەڵام ئەو هەمووارەی بۆی دانراوە پێشێلی مافەکانی ژنان و منداڵانە و ئەوان بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە.

جەختی کردەوە، لە هەمووارەکەدا پێشێلکاریی مافەکانی ژنان و منداڵان کراوە و دەبێتە سەرچاوەی زیادبوونی توندوتیژییەکان و زیاتر مافەکانی ژنان زەوت دەکات.

وتی: ئەو هێزەی هەمووارەکەی پێشكەش کردووە لە بری ئەوەی بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشنیارێکی باشتر لەوەی هەیە ئامادە بکات و مافی ژن و منداڵان و تەواوی کۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت، هەوڵدەدەن یاسایەکی لەو شێوەیە دەربکەن، بۆیە ئێمە دژی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایانە دەوەستینەوە، کە لێکەوتەی نەرێنی زیاترە لە سوود.

تانیا کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ململانێی سیاسیی ومەزهەبییەکان و نزیک بوونەوەی پڕۆسەیەی هەڵبژاردن دەیانەوێت سیناریۆییەک درووست بکەن  بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆخۆیان بهێنن، لایەنگری بۆ خۆیان زیاد بکەن، کە دوور نییە ئەمەش یەکێک بێت لەو پلانانە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەنەکە وتی: بە هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە هەڕەشەی لەبەریەکهەڵوەشان و تێکدانی شیرازەی خێزان توندوتیژی زیاتر دەبێت ڕێژەی لەگەڵ هاوسەرگیریپێکردنی منداڵان حاڵەتەکان بۆ چەند هێندە بەرز دەکاتەوە، بۆیە هەموواری یاسای باری کەسی مەترسییە بۆ تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە.

شەیدا مەعرووف
شەیدا مەعرووف

دەربارەی هەمان پرس شەیدا مەعرووف ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان وتی: یاسای باری کەسێتی یەکێکە لە یاسا باش و پتەوەکان و گۆڕانکارییانەی پێشنیارکراون لە هەمووارەکەدا پێویستی نییە.

ڕوونیکردەوە، کاتێک یاسایەک هەمواردەکرێتەوە پێویستە لایەنە باشەکانی  لەبەرچاوبگرێت نەک کاردانەوەی خراپ درووست بکات لەسەر توێژەکان، بەڵام کاتێک لەم هەمووارەدا ژنان و منداڵان قوربانی یەکەمن.

هاوکات داوای لە سەرجەم ژنان و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، کە هه‌وڵ و فشاره‌کانیان زیاتر بکەن و ڕێگە بە ئەنجامدانی خوێندنەوە و تێپەڕاندنی نەدەن و بەیەکجاری ڕایبگرن.

ش. ئـ

Comments are closed.