“شنگال ئەنفالێکی دیکە”

لەتیف فاتیح فەرەج

چەند مانگێک دوای جینۆسایدی ئێزدیەکان و دوای ئەو تاوانە تاریکیەی داعش کتێبێکم بەهەمان ناونیشانی سەرەوە لەکۆتای ٢٠١٤ بڵاو کردەوە، خۆ ئەگەر جینۆسایدی شەنگال پێش ئەنفال بوایە نەدەکرا بوترێت ئەنفالێکی تر بەڵام لەدوای١٩٨٨ ەوە دەکرێت هەموو جینۆسایدێک وەک ئەنفال بناسرێ، چونکە ئیدی ئەو ناوە لێرە مەڕادیفی جینۆسایدە.

دە ساڵ لەمەوبەر بۆ جارێکی دیکە لەمێژودا هێزی تاریکی داعش بەلاسایکردنەوەی دەیان جینۆسایدی دیکەى ئەو کۆمەڵگە ئاینیەی گەلی کورد، پەلاماری شنگال و سنونێ و گوند نشینانی ئێزدی دا، یەکێک لە کوڕە ئێزدیەکانی دەربازبووی ئەو جینۆسایدە کە کەس و کاری نزیکی باب و براو مامى تیاچون،  گێڕایەوە لەو پەلامارە دڕندانەیەدا زۆربەی ئەو عەرەبانەش هاوکاریی داعشیان کرد کە چەند ڕۆژ پێشتر تاڵ و شیرینیان لەگەڵ یەک بەیەکەوە بوو، باشە ئەوە جێی سەر سوڕمان نیە دراوسێکەت لەبری بتپارێزێ ببێتە بکوژت، لەکاتێکا کورد هەزاران خێزانی عەرەبیان داڵدە دا.

زینە کیژۆڵەیەکی ئێزدی بوو ئەو جارەی کەمن ئێوارانێکی لەماڵی کۆچکرد و کەریم ئاغای هەمەوەند بینیم تەمەنی هێشتا هەر دوازدە سێزدە ساڵێک بوو، ئەو قژ زەردێکی چاوشینی زۆر جوانکیلە بوو، لەهەمو ڕیش و سمێڵدارێک دەسڵەمیەوە، ئەو تازە بە پارەی زۆر لە داعش کڕدرابوەوە، دەمویست قسەی لەگەڵ بکەم دەترسا، ئەو هێشتا تێر یاری ماڵە باجێنە نەبووبوو، کەچی تاریکپەرستان کڕین و فرۆشیان پێوە کردبوو، یەک عەرەب، یەک تورک، یەک فارس یەک موسوڵمانی دنیا، دووقسەی لەبارەی زینە و هاوڕێکانیەوە نەکرد، لێ کورد وانیە، بەڵام کێشەی کورد ئەوەیە برینی ئەوانی تر دەبینێ و برینی خۆی نا، بۆ هەموو بابەتێکیش سەنگەر لەیەکتر دەگرن.

هێشتا شنگال و ئێزدی هەزار برینیان پێوەیە، هێشتا زیاتر لە ٣٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدی هەڵنەدراوەتەوە، ٢٦٠٠ کەس تائێستا شوێنبزرن، ٢٠٠هەزار ئێزدی لە کامپەکان دەژین، هەزاران ئێزدی دەربەدەری شارو وڵاتان بوە، هەزاران کوڕو کچ لەخوێندن دابڕاون، تورک بۆردومانی زێدەکەیان دەکات و شەهیدیان دەکات، لەبری ساڕێژی برینەکەو دانانی دادگای سزادانی بکەران، دەمانەوێ ئارارەکە بەردەوام بێت، بەبڕو بیانوی جۆراو جۆر.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

Comments are closed.