کەنەکە: بە یەکێتی نەتەوەیی برینی کۆمەڵکوژیی شنگال ساڕێژ دەبێت

ناوەندی هەواڵەکان

کەنەکە ڕایگەیاند، داعش نوێنەرایەتی بیر و هەستی دژە کوردستانیی هەموو وڵاتانی داگیرکەر دەکات، ئامانجیان لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو، هێزەکانی پەدەکە و عێراق بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە، ئەو برین و سوێیەش بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان ساڕێژ بێت.

لە ١٠ـیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیی گەلی شنگالدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، ڕۆژی ٣ـی ئاب ئەو ڕۆژەیە کە جارێکی دیکە فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا، فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا، شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کورد و کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شنگالەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.

جەختیانیش کردووەتەوە، شنگال و خەڵکی ئێزدی بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا و ئێران، تەنانەت دەسەڵاتدارانی بەغدا و ڕژێمی سووریاش، بەو هێرشەی داعش ڕازی بوون، لە ڕاستیدا داعش نوێنەرایەتی بیر و هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات، بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەو مەبەستەی جارێکی دیکە دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن، هەمانکات بیروباوەڕی ئێزدێتی بنەبڕ بکەن، هەر لەبەر ئەوەش فەرمانی کوشتوبڕی ئێزدییەکانیان دا.

بەداخەوە ئەو هێزانەی حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەو کاتە لە شنگال بەرپرسیار بوون و پێویست بوو ئێزدییەکانیان بپارێزن، شنگال و ناوچەکەیان نەپاراست و بەجێیانهێشت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت، ئەو هێزانەی شنگال و گەلی شنگالیان ڕادەستی داعش کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شنگال بەڕێوەدەبەن.

پێویستە ئێزدی و شنگالییەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوەببەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت شنگال لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت، لە ١٠ـیەمین ساڵیادى کارەساتی دڵتەزێنی ٣ـی ئابدا دڵی کوردستان شکاو و بریندارە، ئەو برین و ژان و سوێیەش بە یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان ساڕێژ ئەبێت.

ب. جـ

Comments are closed.