خالید سڵێمان
تۆ لە حەوشەکەی خۆتدا باخچەیەکی بچوکت هەیە یان باغێکت هەیە لە دەرەوەی شار، یان با بڵێین پارچە زەوییەکی کشتوکاڵیی.
لەهەمان کاتدا، ڕۆژانە بڕێکی باش لە پاشماوەی خۆراک بەنایلۆنەوە لە ماڵەکەت دەچێتە دەرەوە بۆ ناو تەنەکەو حاویە، لەوێشەوە بۆ زبڵدانی گەورەی شار.
زبڵدانی گەورەی شار، جگە لەوەی سەرچاوەی پیسبوونی هەواو بۆنێکی ناخۆشە، لانکەی نەخۆشی و گوێزەرەوەی جۆرەها میکرۆبە، بەڵام لەوەش زیاتر سەرچاوەی دەردانی گازی (میسان)ە کە چڕبوونەوەی لە کەشدا، هۆکارێکی سەرەکی گەرمبوونی زەوییە. دووای دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، میسان ترسناکترین گازە و توانایەکی زۆری هەیە لە گلدانەوەی وزەی هەتاو لەسەر زەوی و ڕێگەی لێدەگرێت بگەڕێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
بۆ ئەوەی ئەو هەموو زیانە نەگاتە تەندروستی خۆت و هەروەها تەندروستی زەوی، دەتوانی داهێنەرانە بیر بکەیتەوە و تیۆرە کیمیاییەکان بکەیتە ئەزمونی ڕاستەقینە و بەرهەمەکەشی بخۆیت.
لەناو زەوییەکەی خۆتدا، بەرمیلێکی پلاستیکی بچوکتر لەو جۆرەی کە ترشیاتی تیا دروست دەکرێت دابنێ. ئەگەر هەبێت، باشترە کۆپێک بێت لەو کوپانەی لە قوڕ دروست دەکرێن بۆ ئاوخواردنەوە، بەڵام با ژێرەو کراوەبێت یان کونێکی گەورەی تیابێت.
بەقەبارەی پانیی ژێرەوەی کوپەکە، زەویەکە بەقوڵایی ٢٠ سەنتیمەتر هەڵبکەنە و سەتڵێکی موشەبکی پلاستیکی تیا دابنێ. دەکرێ چاڵەکە قوڵتر بێت و هەندێ پەیینی شێداری تیا دابنێیت. ئەگەر دەستت نەکەوت با سەتڵێکی پلاستکی ئاسایی بێت و خۆت لەژێرەوە و لاکانیەوە کۆنێکی زۆری تیا دروست بکە و با وەک بێژنگ بێت.
با سەتڵەکە بە قەبارەی چاڵەکە بێت، باشتریشە لە سەرەوە پان بێت و خوارەوەی باریکتر، کە بەرمیلەکە یان کوپەکەی لەسەر دادەنێت، دڵنیابە لەوەی دەمی سەرەوەی سەتڵەکە و خوارەوەی کۆپەکە وەک یەکن و جوان بەیەک گەیشتوون. ئینجا چواردەورەکەی بە باشی بە قوڕ داپۆشە.
هەموو ڕۆژێک ئەو پاشماوەیەی لە خۆراکی خێزانەکەت دەمێنێتەوە، وەک ئێسک، سەوزە، میوە، نان و هەر جۆرێکی تری خۆراک، بخەرە ناو بەرمیلەکە یان کوپەکەوە و سەری دابخە. لێرەدا هەتاو کاری خۆی دەکات و پاشماوەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی تر لە خۆراک بۆ وردیلەکانی ناو خاک، ئەوانیش دووای خواردنیان و شیکردنەوەیان، دەیکەنە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی خاکەکە، یانی بە پیتی دەکەن. ئیتر تۆش بەروبومێکی پاک و خاوێنت لە سەوزە و میوە دەست دەکەوێت.
ئەم پرۆسەیە کە ناوی (هەرسکەری هەتاو)ە، بەشدارییەکی گرنگی تۆیە لە پاراستنی تەندروستی خۆت خێزان و گەڕەک و شارەکەت. لەم ڕێگەیەوە زبڵ کەم دەکەیتەوە، نایلۆن بۆ هەڵگرتن و پێچانەوەی پاشماوەی خۆراک کەم دەکەیتەوە، دەردانی گازی میسان کەم دەکەیتەوە و زەوی دەپارێزیت، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە زەوییەکەت بە مادە خۆراکیەکان دەوڵەمەند دەکەیت و خۆشت لە پاڵیدا دەحەسێیتەوە.
ئ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی
Comments are closed.