بەغدا
شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نائومێدکەرە، دەبوو پەرلەمان و حکومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمی بەهێزیان هەبوایە لەپێناو ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.
ئەیاد فەتلاوی کە شرۆڤەکارێکی سیاسی دەربارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لێدوانێکی بۆ “ڕۆژنیوز”دا.
ئەیاد فەتلاوی ڕایگەیاند، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نائومێدکەرە ، دەبوو پەرلەمان و حکومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمی بەهێزیان هەبوایە لەپێناو ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، عێراق کارتی فشاری گرنگی هەیە کە دەتوانرێت بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەتی تورک بەکاربهێنرێت، گرنگترینیان لایەنی ئابوورییە کە عێراق دەتوانێت لە لایەنی بازرگانی و گەشتیارییەوە زیان لە دەوڵەتی تورک بدات و وەک فشارێک بەکاریبهێنێت.
فەتلاوی باسی لەوەشکرد، لەم دواییانەدا دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێم زیادی کردووە و ئەم بابەتەش لای حکومەتی عێراق و گەلی عێراق قبوڵکراو نییە.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق سیمینار و وۆرک شۆپ ساز بکات، بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکان لە دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و گەلەکەی.
پێشتر محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێکی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی و نیشاندانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر ئەم بابەتە، کە کاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە.
ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە گوندە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک، ١٨٢ خێزان ئاوارە بوون و ٦٠٢ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە، هەروەها سوپای تورک لە ماوەی ٢٧ ڕۆژدا ٢٨٥ جار ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی بۆردومان کردووە.
ڕ.ش
Comments are closed.