وەزیری دەرەوەی ئوردن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە گەیشتە ئێران

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئوردن بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاردانەوەكانی دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران دەكەن.

میدیای فەرمی ئێران لە بارەی هۆكاری سەردانی ئەمڕۆی ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردن بۆ تاران و كۆبووونەوەی لەگەڵ عەلی باغری كانی وەزیری دەرەوەی ئێران زانیاری نوێی بڵاوكردەوە.

میدیای فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردن گەیشتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوژرانی ئیسماعیل هەنیە دەكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، عەلی باغری كانی وەزیری دەرەوەی بەوەكالەتی ئێران لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا دوو جار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئەیمەن سەفادی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وڵاتەكەی سوورە لە لێپرسینەوە لە ئیسرائیل، هەروەها بەهۆی بەردەوامی تاوانە مەترسیدارەكانی تەلئەبیب دۆخی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا زۆر هەستیارە، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەكە هەڵوێستێكی یەكگرتوو و تۆكمە بگرنەبەر و ڕێوشوێنی هاوئاهەنگ بگرنەبەر بۆ ڕێگریكردن لە بەردەوامیی كۆمەڵکوژی لە غەزە.

لە سەردانەكەی ئەیمەن سەفادی بۆ تاران، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی ئێران كۆببێتەوە و ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسە دووقۆڵی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بكەن.

گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا لە دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئێران و گرووپە چەكدارەكانی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە و هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەكەن، چەند وڵاتێكی هەوڵی نێوەندگیری و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.