ناوەندی هەواڵەکان
ئەنجوومەنی گشتیی کەبەدەهە، ١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسادی سەر ئێزدییەکانی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، لەگەڵ ژنانی ئێزدی و گەلی شنگالین لە دژی هەر جۆرە هێرشێک تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین.
ئەنجوومەنی گشتی بزووتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی ژنان، بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسادی شنگالەوە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتانی داعشەوە ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کەبەدەهە ڕایگەیاند، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر نیشتمانی ئێزدیەکانی شنگال و ١٠ ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدەدا تێپەڕیی کە یەکێکە لە دڕندانەترین کۆمەڵکووژییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە بە هەزاران کەس لە شنگال کۆمەڵکووژ کران، بە هەزاران ژن دەستدرێژییان کرایە سەر، ڕفێنراون و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، هیچ وڵاتێکی دەسەڵاتداری پیاوسالار دەنگی نەکرد، نموونەی بەرچاو بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بوو کە چوون بەهانای شنگالەوە و گەلی ئێزیدیمانیان لە کۆمەڵکووژییەکی گەورەتر پاراست، حکومەتی عێراق و پەدەکە لە شنگال هەڵهاتن و ئەو گەلەیان بۆ چەتەکان بەجێهێشت.
هەروەها دەشڵێت: ئەم هێرشە کۆمەڵکووژییەی شنگال بە بەرخۆدان وەڵام درایەوە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال لە خاکی ئازادکراودا دامەزرا، یەبەشە و یەژەشە وەک هێزی پاراستنی گەل و ژنانی ئێزدی دامەزران.
کەبەدەهە ڕاشیگەیاند، کە دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی پەدەکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئەو هێرشانە تەنیا دژی گەریلا نییە، بەڵکو دژی گەلی کورد، عەرەب و مەسیحیەکانیشە، ئەگەر دەوڵەتی تورکی فاشیست لە هێرشەکانیدا سەربکەوێت، ئەوا سیاسەتی کۆمەڵکووژی، قڕکردن، گۆشەگیری و ئاسمیلەکردن لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا دەست پێدەکات، بەڵام دەوڵەتی تورک باش ئاگادارە ئەوەی بەربەستە لەبەردەم پیلانەکانی تورک، گەریلایە، چونکە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان، پیلانەکانی سیستەمی سەرمایەداری، پیاوسالاری و هاوبەشەکانی تێکدەشکێنێت.
کەبەدەهە لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، بۆ ڕزگار بوون لە دەست پلانە کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورک تەنها ڕێگا تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتووی ژنان و گەلانی بندەستە، لە کۆتاییدا جارێکی تر یادی شەهیدانی کۆمەڵکووژیی شنگال دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین لەگەڵ ژنانی ئێزدی و گەلی شنگالین لە دژی هەر جۆرە هێرشێک تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین.
ب.ق
Comments are closed.