حزبوڵا هێرشی‌ كردە سەر ئیسرائیل

ناوەندی هەواڵەكان

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ هێرشێكی‌ ئاسمانی کردە سەر بنکەیەکى سەربازى لە باكووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە دوو سەربازی سوپای‌ ئیسرائیل بریندار بوون.

میدیا جیهانییەكان لە بارەی هێرشێكی نوێی حزبوڵای لوبنانی بۆ سەر سەربازگەیەكی ئیسرائیل و برینداربوونی چەند سەربازێك زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ڕۆژنامەى فایننشال تایمزى بەریتانى بڵاوی كردەوە، بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ حزبوڵای لوبنان لە ڕێگەى فڕۆكەی‌ بێفڕۆكەوانەوە هێرشى کردە سەر فەرماندەیی فیرقەی ٩١ لە سەربازگەی “ئیلیت”، لە باكووری ئیسرائیل.

لەوبارەوە حزبوڵای لوبنان بڵاوى کردەوە، بەهۆى هێرشەکەمانەوە بۆ سەر بارەگای فیرقەی٩١ ـی سوپاى ئیسرائیل ژمارەیەك سەربازى ئەو وڵاتە كوژراون و برینداربوون.

هەروەها، سوپای ئیسرائیل بڵاوى کردەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەى حزبوڵاى لوبنان ئەفسەرێك و سەربازێكى وڵاتەکەمان برینداربوون.

لە دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا زیاتر بووە، ئێران و گرووپە چەكدارەكانی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە و هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەكەن، چەند وڵاتێكیش هەوڵی نێوەندگیری و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدەن.

هـ.ئ

Comments are closed.