نەینەوا
لە دەیەمین ساڵیادی کارەساتی شنگالدا، خەڵکی شاردەێی بەعشیقە بۆ یادکردنەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە، گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و خەڵکێکی زۆری پێکهاتە جیاوازەکان لە دەوری یادەکە کۆبوونەوە، یەکێک لە کەسایەتییەکانى کاکەییەکانیش ڕایگەیاند، کارەساتی شنگال وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەری ئێزدییەکان دەمێنێتەوە و لە یاد ناکرێت.
خەڵکی شاردەێی بەعشیقە بۆ یادکردنەوەی کارەساتى شنگال گردبوونەوە و نوێنەرانی چەندین پێکهاتەی جیاواز تێیدا ئامادەبوون و بەمجۆرە بۆ “ڕۆژنیوز دوان”.
غازی کاکەیی، کەسایەتى کاکەییەکان وتى، بیرەوەری کارەساتی شنگال وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەری ئێزدییەکان و هەموو ئەوانەی ئەو کارەساتەیان بەسەرهاتووە، دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پێویستی ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید بکەینەوە و پاڵپشتی تەواو پێشکەشی ڕزگاربووان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکەین.
یەکڕی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق گرنگە لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆردا
هەروەها، ئەبو سدرە تورکمانی، یاریدەدەری فەرماندەی لیوای ٣٠ لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وتى، یەکڕی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق گرنگە لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆردا، پێویستە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم، پێکەوە کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسێت و کار بۆ دادگاییکردنی تاوانباران بکات.
قەوال قاید ڕەزکان کەسایەتى ئاینى ئێزدییەکان ڕایگەیاند، ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دراون لەبیری ناکەین، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسێت و کار بۆ دادگاییکردنی تاوانباران بکات.
باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق یاسای ڕزگاربووان جێبەجێ بکات و پاڵپشتی پێویستى زیانلێکەوتووەکان پێشکەش بکات.
هەرچەندە دە ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا وەک جینۆساید نەناسراون، بەڵام پەرلەمانی عێراق یاسای ڕزگاربووانی پەسەند کرد، حکومەتی عێراقیش کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە دەکات کە لە کامپەکاندا ماونەتەوە.
کارەساتی شنگال بە یەکێک لە ڕووداوە ترسناکەکانی مێژووی هاوچەرخ دادەنرێت، بەو پێیەی چەتەکانی داعش هەموو پارێزگای نەینەوایان داگیرکرد و گەمارۆیان سەپاند بەسەر شارۆچکەی شنگالدا، جگە لە دەروازەیەکی بچوکی شاخ کە نەیانتوانی دەست بەسەردا بگرن و لەو ڕێگەیەوە هاوکاری هاوڵاتیانی شنگال دەکرا.
ڕ.ش
Comments are closed.