هەڵەبجە
هۆگر فۆتۆگرافەرێکی سرووشتە، کاتێك زوومی کامێراکەی دەخستەسەر باڵندە تینووەکان هەستی بەوە دەکرد کە دەبێت دەستەوەستان نەبێت، بەڵكو بە دانانی ئاو لە دارستانە سرووشتییەکان باڵندەکان لەناوچوون بپارێزێت، ئەم گەنجە داواش دەکات، کە هەرکەسێک بەپێی توانای خۆی هاوکاریی باڵندەکان بکات بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەکە بە جوانییە سرووشتییەکەی بمێنێتەوە.
هۆگر ئەحمەد، گەنجێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و تەمەنی ٢٢ ساڵە، کاری فۆتۆگرافیی لەناو سرووشتدا دەکات و بە زۆری وێنەی باڵندە و دارستانەکان دەگرێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە پاڵ پیشەکەیدا بە دانانی ئاو و خۆراک لەناو دارستانە سرووشتییەکاندا هاوکاریی باڵندەکان بکات.
ئەم گەنجە خەمی باڵندەکانی لەناو جانتاکەی شانیدا کۆکردووەتەوە، ماوەی دوو ساڵە ڕۆژانە پڕی دەکات لە ئاو و خۆراک و لە دارستانەکانی عەنەب، عەبابەیلێ، جێڵە، گوڵان، چەمی گوڵان و چاوگ لە ڕێگەی دەبەی پلاستیکەوە باڵندەکان لە مرداربوونەوە دەپارێزێت، وەک خۆیشی دەڵێت: کاری فۆتۆگرافیم وایلێکردم کە هاوڕێیەتی لەگەڵ ژینگە بکەم و خۆشمبوێت و بیپارێزم.
لە ئێستادا کە وەرزی هاوین و گەرمایە، باڵندەکان لە هەموو ناوچەیەک ئاو و خۆراکیان دەستناکەوێت، سابۆیە هۆگر ئەحمەدی فۆتۆگرافەر و دۆستی ژینگە دەبێت هەموو ڕۆژێک بەشێک لە دارستانەکان بەسەر بکاتەوە و بەسەر دارەکاندا سەربکەوێت تا بتوانێت ئاو و خۆراک بۆ باڵندەکان دابنێت.
ئەو گەنجە داواش لە هاوڵاتییان دەکات، گەر ناتوانن سەردانی دارستانەکان بکەن و هاوکاریی باڵندەکان بکەن، ئەوا دەتوانن لە هەر شوێنێکی ماڵەکانیاندا بێت ئاو بۆ باڵندەکان دابنێن و دەڵێت: ئەمە کارێکی پیرۆزە و هەمووان پێکەوە بەم کارە هەستین، لەم وەرزی گەرمایەدا باڵندەکان پێویستیان بە ئێمەیە.
هاوکات بۆردوومان و هێرشە داگیرکارییەکانی دوژمنانی کوردستان خەمێکی قوڵی لە ناخی ئەم ژینگەدۆستەدا درووستکردووە، کە دارستانەکان دەسووتێندرێن و بە هۆشییانەوە هەزاران گیانلەبەر و باڵندە لەناودەچن یان ناچار بە کۆچکردن دەکرێن، وەک خۆی دەڵێت: جێگەی داخە بە هۆی ئەو بۆردوومانانەی لە سنووری بادینان دەکرێت ئاسک و باڵندەکان بە ئامانج دەگیرێت. ئەمەش مەترسییە بۆسەر سرووشت و ژینگەکەمان.
ب. جـ
Comments are closed.