هەڵەبجە
ماوەی ١٠ ساڵە حکومەتی ماوەبەسەرچووى ھەرێم ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەواوکردنی خانووی کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجە تەرخان نەکردوە، بەشێک لە خانووەکانیش بوون بە کەلاوە، دەشڵێن: چەندین جار سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانمانکردوە بۆ داواکارییەکەمان کەس وەڵاممان ناداتەوە.
ئەمڕۆ بەشێک لە کەسوکاری شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لە دژی دابین نەکردنی پارە بۆ تەواوکردنی خانووەکانیان لەناو مۆنۆمێتی شەھیدان ناڕەزایەتیان دەربڕی، داوا دەکەن ئەو بڕەی پارەی ماویانە حکومەت بۆیان تەرخان بکات بۆ تەواوکردنی خانووەکانیان.
ھەردی عەلی کەسوکاری شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبحە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: وەک بنەماڵەی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بۆ نزیکەی ١٠ ساڵە کۆمەڵێک خانووی خۆکردمان کردوە، کە ژمارەیان ٤٠٧ خانووە، حکومەتی ھەرێم بڕیایدار بۆ تەواوکردنی هەر یەکەیەک بڕی ٢٣ ھەزار دۆلار خەرجبکات، بەڵام بەبیانوی قەیرانی و دارایی و شەڕی داعشەوە پارەکەی ڕاگرت بۆ ماوەی ١٠ ساڵە خانووەکان ھەر تەواونەکراوە.
وتیشی: بەشێک لە خانووەکان تەواوکراوە و بەشێکی دیکەشیان تەنھا ھەیکەلە و حکومەت ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجنەکردوون، چەند جارێک داواکاریمان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ھەر گوێمان لێنەگیراوە، بۆیە داواکارین بەرپرسانی حکومەت بێن بەھانای کەسوکاری شەھیدانەوە، ئەو خانووانەی کە کراون تائێستاش ھەر قەرزی دەدەینەوە، بە کۆی گشتی خانووەکانیش پێویستیان بە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار هەیە بۆ تەواوبوون.
لای خۆشیەوە کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر کێشەی خانووی کەسوکاری شەھیدان ڕایگەیاند، ئەوەی کەسوکاری شەھیدان داوای دەکەن، داواکاری ڕەوای خۆیانەوە، لەدوای ٢٠١٢وە بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ٨٨٧ خانوو بۆ کەسوکاری شەھیدانی کیمیاباران دروستکراوە، زیاتر لە ٣٠٠ خانوویان ھیچ بڕەپارەیەکیان وەرنەگرتوە، ئێمەش زیاتر لەچەند جارێک بە نووسراوی فەرمی داواکاری ئەو کەسانەمان ئاراستەی وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران کردوە، ئێستا بەشێک لە خانووەکان بووە بە کەلاوە بەھۆی تەواو نەکردنیانەوە، بەشێکی دیکەشیان بەزیانی زۆر فرۆشتویانەتەوە.
کامەران مستەفا وتیشی: داواکاریی کەسوکاری شەھیدان بەڕەوا دەبینین، داوا لەسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین ئەو پارەیەیان بۆ خەرجبکرێت بۆ ئەوەی خانووەکەیان تەواو بکرێت.
ش. ئـ
Comments are closed.