دەنگی سێ تەقینەوە لە ئەسفەهان بیسترا

ناوەندی هەواڵەکان

میدیای فه‌رمی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، دەنگی سێ تەقینەوە لە ئەسفەهان بیستراوە و دەگەڕێتەوە بۆ چەند چالاکی و راهێنانێک.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەمشەو دەنگۆی ژمارەیەک تەقینەوە لە شاری ئەسفەهانی ئێران بڵاوکرایەوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاویکردەوە، دەنگی سێ تەقینەوە لە شاری سپاهانی سەر بە پارێزگای ئەسفەهان بیستراوە و چەند وێنەیەکی رووناکی تەقینەوەکە لەلایەن خەڵکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

محەمەد رەزا جانساری، جێگری کاروباری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری ئەسفەهان رایگه‌یاند: هۆکاری تەقینەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ چەند چالاکی و راهێنانێک.

لەلایەکی دیکەوە بەشێکی تر لە میدیا عەرەبییەکان باسیان لەوە کردوە، جۆری تەقینەوەکە هێرشی درۆنی بووە و دەنگەکەی زۆر بەهێز بووە.

هەروەها ئاماژەشیان بەوە کردوە، تەقینەوەکە ئاسایی نەبووە و پەیوەندی بە هیچ جۆرە ڕاهێنانێکی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانى ئەو وڵاتەوە نەبووە.

تا ئێستا نازانرێت هۆکاری ئەو سێ تەقینەوەیە چی بووە و زەرەر و زیانەکانیشی چی بوون، بۆیە میدیاکان زانیاری جیاواز و پێچەوانە لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

هـ.ح

Comments are closed.