داوا لە ناتۆ دەکرێت هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و تاوانەکانی ڕابگرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە باشووری کوردستان لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک یاداشتێک ئاڕاستەى ناتۆ دەکەن و ڕایدەگەیەنن، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیانە پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەری خاکی عێراق و یاسای ئینسانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆڵەکانێتی. کە لە ئاکامدا چەندین خانوو خاپور کراون و بێستان و دارستانەکانی ناوچەکە سوتێنراون.

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە باشووری کوردستان لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردوە و تێیدا ئاماژەیان بە یاداشتێک کردوە کە ئاڕاستەى ناتۆیان کردوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەکو گروپێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکی مەدەنی هەرێمی کوردستان، کە گرنگی دەدەین بە مافەکانی مرۆڤ و فەراهەمکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان- عێراق وپێشیلکردنی رێککەوتننامەو  یاسا نێودەوڵەتیەکان  لە ناویاندا مادەکانی یەکەم و دووەمی پەیماننامەی ناتۆ، هەروەها پێشێلکردنی رێککەوتنامەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، لەراستیدا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەی بادینان لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا زیادبونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە بوونەتە هۆی ئەوەی زەرەرو زیانێکی گەورە بەر خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی ئابوری دەیان گوندی زۆرینەی کریستیان نشین بکەوێت.

هەروەها ڕێکخراوەکان دەشڵێن: ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیانە پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەری خاکی عێراق و یاسای ئینسانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆڵەکانێتی. کە لە ئاکامدا چەندین خانوو خاپور کراون و بێستان و دارستانەکانی ناوچەکە سوتێنراون و هەزاران خەڵکی سیڤیل بەزۆرە ملێ ناوچەکانیان پێ چۆلکراوەو چەندین قوربانیشی لێکەوتۆتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمجۆرەیە:

بەڕێز/ جێن ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەنتیک (ناتۆ)

بەڕێزان/ ئەندامانی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەنتیک (ناتۆ)

ئێمە وەکو گروپێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکی مەدەنی هەرێمی کوردستان، کە گرنگی دەدەین بە مافەکانی مرۆڤ و فەراهەمکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان- عێراق وپێشیلکردنی رێککەوتننامەو  یاسا نێودەوڵەتیەکان  لە ناویاندا مادەکانی یەکەم و دووەمی پەیماننامەی ناتۆ، هەروەها پێشێلکردنی رێککەوتنامەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

ئێمە بەتایبەتی ئەم نامەیە ئاڕاستەی ناتۆ دەکەین لەبەرئەوەی تورکیا ئەندامی ئەم هاوپەیمانییەیەو پەیوەستە بەو بنەماو پابەندیانەوە کە لە پەیماننامەی ناتۆدا رێکەوتنی لەسەر کراوە. کە تیایدا ئەندامەکانی بەڵێننامەیان داوە بۆ پشتیوانیکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ، سەقامگیری ناوچەیی. دەستپێشخەرییەکانی ناتۆ بۆ هاندانی بەهاکانی ئاشتی وئاسایش، هەروەها میکانیزمەکانی بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی وڵاتە ئەندامەکانی پەیماننامەی ناوبراو بە بنەماکانییەوە.

هەر بەو پێودانگە ئێمە پێمانوایە کە ناتۆ بەرپرسیارەو لە تواناشیدایە هەڵوێستێک بەرامبەر یەکێک لە ئەندامەکانی وەربگرێت کە پێشێلکاری بەڵێننامەکەیان کردووە ئەمەش لەڕێگەی گرنگیدان و بەهەند وەرگرتنی ئەم کەیسە. بەو پێیە ئێمە چاومان لەسەر تواناو هاریکاری دیبلۆماسیانەی پەیماننامەی ناوبراوە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە نایاساییەکانی تورکیاو کارکردنێتی بۆ چارەسەری ئاشتیانەو رێگریکردنێتی لە زیاتر تەشەنەکردنی ناکۆکیەکان، هەروەها چاومان لەسەر هەوڵەکانێتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سیڤیل و کارکردن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

لەراستیدا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەی بادینان لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا زیادبونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە بوونەتە هۆی ئەوەی زەرەرو زیانێکی گەورە بەر خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی ئابوری دەیان گوندی زۆرینەی کریستیان نشین بکەوێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیانە پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەری خاکی عێراق و یاسای ئینسانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆڵەکانێتی. کە لە ئاکامدا چەندین خانوو خاپور کراون و بێستان و دارستانەکانی ناوچەکە سوتێنراون و هەزاران خەڵکی سیڤیل بەزۆرە ملێ ناوچەکانیان پێ چۆلکراوەو چەندین قوربانیشی لێکەوتۆتەوە.

دەوڵەتی تورکیا ئەم کردە سەربازیانە دژی خەڵکی بێ چەکی مەدەنی ناوچەکە ئەنجامدەدات بە بیانوی هەبوونی ئەو کوردە چەکدارانەی بەرهەڵستکاری رژێمی تورکیان، هەرچەندە ئەم ئەم بیانوە پاساو نییە بۆ داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان- عێراق و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی و خاپورکردنی ماڵ وموڵک و ژینگەکانیان.

هەروەها بە پێویستیشی دەزانین ئەوەتان پێڕابگەیەنین، کە ئێمە زۆر نیگەرانین لە تەنسیقی نێوان تورکیاو ئێران لەسەر میلیشیاکانیان لە عێراقدا، بەڵگەش بۆ ئەوە بێ دەنگی بەردەوامی حکومەتی عێراقە، ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان بکەوێتە نێوان جەنگی تورکیاو میلیشیاکانی عێراقەوە.

ئێمە پێمان وایە کە دەستوەردانێکی کاریگەرو بەپەلەی ناتۆ دەبێتە هۆی وەستاندنی ئەم پێشێلکاریەو دەبیتە هۆی پاراستنی گیانی خەڵکانی مەدەنی و ئامادەسازی دەکات بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی ئاشتیانە کە زامنی پاراستنی مافەکانی هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە فەراهەم بکات.

لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەرەوە  باسکرا داوا لەئەندامانی ناتۆ دەکەین وەکو پەیماننامەیەکی سەربازی کە تورکیا ئەندامە تیایدا کە:

١- بانگەوازی بەپەلە بکات بۆ وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا، رێوشوێنی سیاسیانەو دیپلۆماسیانە بێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی تورکیا هەموو کردە سەربازیەکانی لە هەرێمی کوردستان- عێراق رابگرێت و ناچاری بکات پابەندی ستانداردو سزا نێودەوڵەتیەکان بێت یان پابەندی هەر ئیجرائاتێکی تر بێت کە لە پەیماننامەی ناتۆدا رێککەوتنامەی لەسەر کراوە. هەروەها بەکارهێنانی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەنتیک بۆ گفتوگۆکردنی ئەم مەسەلەیە لە ناوخۆی ناتۆداو جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتیەکان و بنەڕەتنامەکانی ناتۆ.

٢- دڵنیا بێت لە باش بەکارهێنانی ئامێرو کەلوپەلە سەربازییەکانی ناتۆ، چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی ناتۆ لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا لە هەرێمی کوردستان- عێراق دا بەکار ناهێنرێت، کە پێشێلکاری بنەڕەتنامەو یاسا نێودەوڵەتیەکانە.

٣- چاوبخشێنێتەوە بە کردە سەربازیەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان- عێراقدا، ئیجرائاتی پێویست وەربگرێت وەکو سزادانی ئەو ئەندامەی کەهەرپیشێلکاریەک یان لادانیکی لە بنەڕەتنامەکانی ناتۆدا کردبێت.

٤- رێوشوێنی دیپلۆماسی و سەربازی و ئینسانی بگرێتە بەر بۆ پشتیوانی ئەو خەڵکە مەدەنیانەی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کاریگەری لەسەریان هەبووە، وەکو هەماهەنگیکردن لەگەڵ رێکخراوە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتیەکاندا.

٥- هاوکاری دۆستەکانتان بکەن لەناوچەکەو لە جیهاندا بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی گروپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان لەلایەن تورکیاوە بەمەبەستی فەراهەمکردنی سەقامگیری لەناوچەکەدا.

٦- ئاسانکاری بکەن و هانی لایەناکان بدەن لە تورکیادا بۆ دیالۆگ و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و چارەسەری هەمیشەیی کێشەی کورد، ئەمەش لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتی و گفتوگۆیەکی نێودەوڵەتی بنیاتنەر.

ئێمە متمانەی خۆمان دەبەخشین بەدانایی و دادپەروەریتان و چاوەڕوانی کاردانەوەی بەپەلەتانین بۆ ئەم ئەم بانگەوازە ئینسانییەو داواتان لێ دەکەین کاری جدی بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەرپاکردنی ئاشتی. ئەشمانەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەینەوە کە بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەتورکیادا  فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لەناوچەکەدا مەحاڵ دەبێت.

ماویەتى…

هـ.ح

Comments are closed.