سلێمانی
هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە خاکی باشووری کوردستان و ژنانیش باس لەوە دەکەن، دەسەڵاتی باشوور لەبری بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان پۆزش بۆ داگیرکارییەکان دێنێتەوە و بووەتە داردەستیان.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و لەو هێرشانەشدا سەروەری و یاساکان پێشێل دەکات،خەڵکی مەدەنی و گوندەکانی سنووری بادینانی بە ئامانج گرتووە، هەروەها بنکەی سەربازی نوێی داناوە لەو ناوچەیە و تەنها ئامانجیشی داگیرکردنی باشووری کوردستانە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە و لە بەرانبەردا، دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەرامبەر بە تەواوی هێرش و داگیرکارییەکانیان و لەناوبردنی دێهاتەکان و ڕەز و باخی هاوڵاتییان و سوتاندنی پوش و پاوەن و دارستانەکان، ئەمانەش بە هەموو شێوەیەک دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە.
هەریەکە لە شنە عەلی و ڕووبار ئەحمەد، مامۆستا و چالاکوان لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تایبەت بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز دەدوێن.
شنە عەلی وتی: پرسی داگیرکارییەکان لە باشووی کوردستاندا، کە دەگوزەرێت هی ئێستا نییە بەڵکو چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە و داگیرکاران بەردەوام لە ئامانجی ئەوەدان، کە کۆتایی بە دۆزی کورد بهێنن و بەردەوام لە گرم و کێشەی سیاسی بیانهێڵنەوە.
وتیشی: ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت میکانیزمی عوسماننیزمی نوێ جێبەجێبکات لەسەر باشوور و ئەو شارانەی خۆی مەبەستییەتی و پێشتر بە یەکێک لە شارەکانی خۆی داناوە، وەک شاری موسل و کەرکووک دەیەوێت بەهێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە داگیریان بکات.
ئەو مامۆستایە، ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتی تورک ئامانجیەتی بە هێرشکردن و بۆردومانی خاکی باشوور و هێنانی ئەو هەموو سەرباز و تانک و دروستکردنی بنکە سەربازییانەی لە ناوخاکی باشووردا، ئەمەش چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک زەمینە سازی بۆ کردووە، بەداخەوە جێگەی مەترسی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.
شنە عەلی، سەبارەت بە بێدەنگی حزبە سیاسیەکان و سەرانی دەسەڵات، باسی لەوە کرد، بەداخەوە لایەنی دەسەڵات بێ دەنگی هەڵبژاردوە و شان بەشانی داگیرکەران لە پێشڕەویدان لە داگیرکردنەکاندا، هەرچەندە لە جیاتی ئەوەی ببنە بەرگریکاری خاک و هاوڵاتیان، بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەوە هاوکاری وڵاتانی داگیرکەر دەکەن و پۆزش دەهێنەوە لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستاندا، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەبینین چەندین لادێ چۆڵکراوە و خەڵک ئاوارە بوونە و ڕەز و باخ و ئاژەڵی گوند نشینەکان سوتێنراون.
هەروەها، لەبارەی ڕۆڵ و هەڵوێستی گەلی باشووری کوردستان وتی: گەل بێدەنگ نییە و بەردەوامە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان، هەروەها لەگەڵ چەندین گروپدا هەمەهەنگیمان کردووە و بڕیارمانداوە، بەیاننامە و ڕێپێوانمان هەبێت دژی داگیرکارییەکانی تورک، بەداخەوە هەرچەندە فشارەکان هێندە زۆر و توندکراونەتەوە، کە دەنگی ئازا و ئازادیان کپکردووە، کەواتە دەنگی ناڕەزایی و بەرهەڵستی دژی داگیرکارییەکان هەیە بەڵام دەسەڵات دەنگی چالاکوانن و ئازادیخوازانی بە دروستکردنی فشار کپکردۆتەوە و ڕێگەنادەن ئەم دەنگانە بگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەروەها ڕووبار ئەحمەد، مامۆستا و ژنە چالاکوانی شاری سلێمانی، سەبارەت بە پرسی داگیرکارییەکانی دەولەتی تورک بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان دەڵێت: باشووری کوردستان بە بارودۆخیکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و داگیرکاریی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، هەروەها ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا، خەڵکی کوردستانی خستۆتە بارودۆخێکی سەختەوە، کە نازانێت چۆن بڕیار بدەن، بەجۆرێک هێندە بارودۆخی هاوڵاتیان خراپە ناتوانن بیر لە ئاسایشی نیشتیمانی و بابەتە نەتەوەییەکان بکەنەوە.
باسی لەوەش کرد، لە ناوچەکانی هەڕیم و بەتایبەت دەڤەری بادینان، داگیرکارییەکی زۆر سەخت لەلایەن دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەچێت و بنکە و بارەگایان دروست کردوە، کە هەرگیز نەیانەوێت چۆڵی بکەن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو جینۆسایدەی ئەنجامی دەدەن لەسەر خاکی باشووری کوردستان خەریکن سەرخان و ژێرخانمان خراپ دەکەن و تێکی دەدەن، ئەمەش پەیوەندی بە هیچ بەهانەیەکەوە نییە کە بۆی هاتوون، تەنها هەوڵێکە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم و خەڵکی تێکۆشەری باشووری کوردستان بخەنە بارودۆخێکی سەختتر.
ڕووبار ئەحمەد، باسی لەوەش کرد، ئەمە پلانی نێوان حکومەتی هەرێمی و دەوڵەتی تورکیایە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بە بابەتی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرقاڵ کردووە، تا نەتوانن کۆدەنگییەکییان بۆ دروست ببێت دژ بەو داگیرکارییانەی هەیە، هەروەها زەختێکی زۆریش هەیە لەسەر ئەو شوێنانەی کە بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام دەبێت خەڵک بێتە دەنگ و هەڵوێستیان هەبێت دژ بەو داگیرکارییە و قبوڵ نەکەن.
ڕووبار ئەحمەد وتیشی، تورکیا ئەندامی ناتۆیە بە ئاگاداری ئەوان ئەم کارە دەکەن، ئەو چەکانەی بەکاری دەهێنن لە ناتۆی وەردەگرن، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی، کە داگیردەکرێن خۆیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداربکەنەوە، کە هەڕەشەیان لەسەرە و داگیر دەکرێن و لە مەترسیدان، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی خەڵکی باشوری کوردستان نەتوانراوە دەنگمان بەباشی بگەیەنینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە پیویستە ئەو حزب و لایەنانەی حکومەتی عێراقی و باشوووی کوردستان، کە ناڕازین یەک هەڵوێست ببن و ناڕەزایەتی دەرببڕن دژی داگیرکارییەکان.
ش. ئـ
Comments are closed.