لە مانگی تەممووزدا ٢١ ژن لە تورکیا کوژراون

ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنها لە مانگی ڕابردوودا ٢١ ژن و چوار منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیادا کوژراون، کە زۆربەی تاوانەکان لە شارەکانی تورکیا ئەنجامدراون.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ژن نیوز، لە مانگی تەممووزدا ٢١ ژن و چوار منداڵ کوژراون، هەروەها ٢٢ ژن و دوو منداڵی دیکەش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی ئاژانسی ژن نیوز لە مانگی تەممووزدا کۆی کردوونەتەوە، لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون و بەشی زۆری تاوانەکانیش لە پارێزگاکانی تورکیادا بوون.

هەواڵەکەی ئاژانسی ژن نیوز ئاشکرای دەکات زۆربەی حاڵەتەکان لەلایەن هاوژین یاخود هاوژینی پێشووی ژنەکانەوە ئەنجام دراون، کە بەم شێوەیەیە:-

ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە کە لە قۆناغی جیابوونەوەدابوون، ٤ ژنیش لەلایەن هاوژینی پێشوویانەوە، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کە پێکەوە دەژیان، ژنێک لەلایەن براکەیەوە، ژنێکی دیکە لەلایەن پیاوێکەوە کە لەیەک جیابببونەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کە یەکتریان نەدەناسی، ژنێک لەلایەن باوکیەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکی ناسیاویەوە و ژنێکیش لەلایەن خزمێکییەوە کوژراوە.

تاوانەکانیش بەم شێوەیە بەسەر ناوچەکاندا دابەش بوون:-
لە ئیستەنبوڵ ٣، لە مەلەتیە ٣، لە خارپێت ٢، لە مێرسین ٢، لە هەریەک لە شارەکانی ئەدەنە، کوتاهیا، کاهرەمان، سەمسور، سێرت، ئەرزڕوم، گیرەسون، قیسەریە، کۆجاعەلی، ئەدرنە و گوموشخانەش ١ ژن کوژراون.

ش. ئـ

Comments are closed.