گەلی مەخموور هێرشەکانی داعشیان لەسەر شنگال و مەخموور شەرمەزار کرد

مەخموور

پەنابەرانی کامپی مەخموور بۆ شەرمەزارکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان و هێرشەکانی داعش لەسەر شنگال و مەخموور، چالاکییان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، بەئامانجگرتنی پادێ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگالدا نیشانەی بەردەوامیی پیلانگێڕیی و جینۆسایدە.

دانیشتووانانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) بەبۆنەی ١٠ـەمین ساڵیادی هێرشی گرووپە چەتەکانی داعش بۆ سەر مەخموور و شنگال، گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە ناوەندی بنەماڵەی شەهیدانی مەخموور بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان ئەندامی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، مامۆستا حوسێن کارا قسەی کرد.

مامۆستا حوسێن کارا ڕایگەیاند ئامانجی هێرشەکەی داعش کوردستان و مێژووی کوردان بوو، بۆیە هێرشیان کردە سەر باوەڕی ڕەسەنی کوردان لە شەنگال، تیشکی خستەسەر خیانەتی پەدەکە و جێهێشتنی شەنگال بۆ داعش، ئاماژەی کرد بە هێرشەکەی سەر مەخمور و گوتی: ” ئەزموون و ڕێکخستنی جڤاکی مەخمور و هەولێری پاراست. مەسعوود بارزانی خۆی هاتە کەمپەکە و سوپاسی شەڕڤانانی کرد. پەدەکە قەرزاری پەکەکەیە. بەڵام بنەماڵەی بارزانی هەرگیز خۆیان لە خیانەت ڕزگار نەکرد. لە شەنگال پیلانیان گێڕا، لە مەخمووریش پیلانیان گێڕا. ئەمڕۆش هەمان کار دەکەن و هەوڵ دەدەن ئەم قڕکردنە بکەن بە فەرمی. ئەوان دان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال نانێن و دامەزراوە مەدەنییەکانی شەنگال وەک پادێ دەکەنە ئامانج. بەئامانجگرتنی پادێ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا نیشانەی بەردەوامیی پیلانگێڕییە”.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی “بژی بەرخۆدانی گەلی کورد” و “شەهید نامرن” کۆتایی هات.

ب.گ

Comments are closed.