ناوەندی هەواڵەکان
کەنەکە ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی “تەڤگەری ئازادیی، پادێ، بەرەی دیموکراسیی” بریارێکی سیاسییە و لە ژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا دراوە، لە هەمان کاتدا بڕیاری دەستوەردانە لە ئیرادە و باوەڕدارانی ئێزدی، دەبێت عێراق بە زووترین کات هەڵیوەشێنێتەوە.
کۆنسەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی بڕیاری قەدەغەکردنی سێ لایەنی سیاسیی لە عێراق لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا، دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکە، بڕیاری قەدەغەکردنی “پادێ، تەڤگەری ئازادیی، بەرەی تێکۆشان و دیموکراسی” بە بڕیارێکی سیاسیی و لە ژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا پێناسە کردووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، بڕیاری قەدەغەکردنی پارتی ئازادیی و دیموکراسی ئێزدییەکان لە یادی ١٠ ساڵەی جینۆسایدی شنگالدا بە ڕێکەوت نییە، بەڵکو بڕیاری دەستوەردان لە ویست و ئیرادە و باوەڕدارانی ئێزدی، بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە بۆ سەر گەلی ئێزدی.
باسیان لەوەشکردووە، ڕەنگە ئەم بڕیارە و ئەم کردەوەیە لە دژی هەندێک لایەنی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا دژی هەموو خەڵکی کوردستانە و ئامانجی تێکدانی بەرژەوەندی گەلەکەمانە، بەم بڕیار و کردەوانە هێواش هێواش حکومەتی عێراق دەکەوێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس، ئەگەر پێش بەم سیاسەتە ناڕەوایە نەگیرێت، هەموو خواستەکانی گەلی کوردستان، بە پێگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیشەوە تێکدەشکێن.
ئەو دەستەیەی کەنەکە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، ئەم ڕێگا داخراوەی عێراق ڕێگایەکی هەڵەیە و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە سیاسییە هەڵوەشێننەوە، جگە لەوەش داوایان لە هەموو هێز و لایەن و دامودەزگاکانی کوردستان کردووە دژی ئەم بڕیارە بووەستن و بەرژەوەندی گەلی کوردستان بپارێزن.
لە ١ـی ئاب، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کە سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، بڕیاری ڕاگرتنی لایەنەکانی تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی دیموکراسیی ئێزدخان و بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لە عێراق ڕاگەیاند.
ب. جـ
Comments are closed.