ئایندەی کەرکووک لە بەرداشی سوودانی و لایەنە سیاسییەکاندا!

ناوەندی هەواڵەكان

دوای ئەوەی لە ١١ـی تەمموزی ئەمساڵ یەكەم كۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامدرا، مۆڵەتی یەك مانگ بە لایەنە سیاسییەكان درا بۆ ئەوەی ڕێكبكەون لە سەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی نییە و ئەگەری دەستوەردانی سوودانی لە ئیدارەی شارەكە هەیە.

ڕۆژی ١٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، لە كەركووك یەنەكە پێنج كورسی، هاوپەیمانی عەرەبی كەركووك سێ كورسی، قیادە دوو كورسی، هاوپەیمانی عروبە یەك كورسی، پەدەكە دوو كورسی، توركمان دوو كورسی و مەسیحییەكانیش كورسییەكیان بەدەستهێناوە.

زۆربەی پارێزگاكان لە وادەی خۆی یان كەمێك درەنگتر حكومەتی خۆجێی شارەكانیان هەڵبژارد، تەنیا پارێزگاكانی دیالە و كەركووك نەبێت، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەی پارێزگای دیالە لە هۆتێلێكی بەغدا كۆبووەوە و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاری كرد و كۆتایی بە كێشە هەڵبەستراوەكانی شارەكە هێنا.

ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە كێشەكەی چارسەر بكرێت و شارەكەی بەبێ پارێزگار هێڵراوەتەوە، تەنیا كەركووكە، ئەمەش بە هۆی تایبەتمەندی و فرە پێكهاتەیی ئەو شارە و ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستەكانی شارەكەوەیە، تا ئێستا كێشەكان بەهەڵبەستراوی ماوەتەوە، چونكە هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی كەركووك (كورد، عەرەب و توركمان) داوای پۆستی پارێزگار دەكەن.

لە دوای یەكەم كۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ١١ـی تەمموزی ئەمساڵ مۆڵەتی مانگێك بە لایەنەكان دراوە، بۆ ئەوەی ڕێكبكەون لە سەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك، بەڵام نابێت هیچ لایەن و پێكهاتەیەك فەرامۆش بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەنەكان بە هاوكاری چەند دەوڵەتێكی هەرێمی هەوڵی ڕێككەوتن دەدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی نییە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لایەنە عەربییەكانی كەركووك سەبارەت بە پێكهێنانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی شارەكە سەردانی توركیایان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، دواتر سوودانی بەجیا لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی كەركووك كۆبووەوە و داوای كرد، بەزوویی ڕێكبكەون و حكومەتی خۆجێی كەركووك پێكبهێنن.

عەزام حەمدانی، یەكێك سەركردەكانی هاوپەیمانی عەزەم دەڵێت:  دانووستاندن لە نێوان هێزە سیاسییەكانی كەركووك ئەنجامدراوە و بڕیارە پێش ١١ـی ئەم مانگە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كوبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنی عەرەبی و كورد دەتوانن ٥٠+١ـی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە ئامادە بكەن و ڕێژەیی یاسایی تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكە و پۆستی پارێزگاریش بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان كورد و عەرەب دابەش دەكرێت.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەنەكە لەسەر ناكۆكییەكانی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركووك  دەڵێت: ئەو لایەنانەی شەڕی ئەوە دەكەن چەند مانگێك پارێزگار بن، چەندین ساڵە بە ناهەق پۆستی پارێزگاریان لایە و نابێت ئێمە بچینە ژێر ئەو بارەوە، هەرچەندە ناكۆكیش لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبێت، هەروەها نابێت ڕێگە بدەین تەعریبچییەكان ببنە ڕێگەنیشاندەرمان.

دوای چەندین كۆبوونەوە بۆ ڕێككەوتن و بێهیوا بووەنی لایەنەكان، دوو داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكرێت، یەكەمیان یەنەكە دەڵێت: ئەگەر لایەنەكان نەگەن بەڕێككەوتن، پێویستە سوودانی وەزیری دادی عێراق، كە لە حزبی یەنەكەیە بكات بە پارێزگاری كەركووك، داواكاری دووەمیان داواكاری عەرەبەكانە، كە داوا دەكەن لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان سوودانی، ئەحمەد فەتلاوی ڕێكخەری كاروباری پارێزگاكانی عێراق بكات بە پارێزگاری كەركووك.

لە دوای كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەكانی كەركووك بڕیارە ١١ـی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەبچێت، ئەگەر ڕێككەوتن كرا، ئەوا حكومەتی خۆجێی پێكدەهێنرێت، ئەگەر ڕێككەوتنیش نەكرا، ئەوا ئەگەری هەیە سوودانی یەكێك لەو دوو داواكارییەی سەرەوە جێبەجێ بكات.

هـ.ئ

Comments are closed.