ماوەى ٢٨٩ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس سلیمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکە ڕفێندراوە

ناوەندى هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٢٨٩ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دا تێدەپەرێت، کە دوای ٢١١ ڕۆژ ڕێگەی بە پارێزەرەکانی درا سەردانی بکەن، بە تۆمەتێکی ناڕەوا پەدەکە ڕۆژى ٢٩ى تەمموز دادگاى کرد و سزای سێ ساڵ بەندکردنى بەسەردا سەپاند.

سلێمانی ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) دوای ئەوەی بۆ بەشداری کردن لە پرسەی باوکی گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان ، لە ٢٥ تشرینی یەکەم، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێندرا و دوای ٢١١ ڕۆژ چارەنووسی ئاشکرابوو.

دوای ٢١١ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، دواجار لە ٢٢ـی مانگى ئایارى ئەمساڵ، پارێزەرانی توانیان چاویان پێیبکەوێت و بریکارنامەی بۆ واژۆ بکەن، بۆ ئازادکردنی کار لە کەیسەکەیدا بکەن.

بەشدار حەسەن، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، بە ڕۆژنیوزی وت: دوای بینینی ڕێگە دراوە کە ببینە پارێزەری و هەروەها بۆ ماوەی دوو خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خانەوادەکەیدا کردووە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و وەک لە کاتی ڕفاندنەکەشیدا ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانە بێبنەمان و پەدەکە دەیەوێت سیناریۆی بۆ دابڕێژێت و سزای بدات، لە ئێستاشدا ڕۆژنیوز داوا دەکات ئاسایشی پەدەکە بە زوویی سلێمان ئەحمەد ئازادبکات و چیتر نەبێتە ڕێگر لە بەردەم کایەی ڕۆژنامەنووسیی و ئاستەنگیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست نەکات.

هاوکات، بە تۆمەتێکی ناڕەوا پەدەکە ڕۆژى ٢٩ى تەمموز دادگاى کرد و سزای سێ ساڵ بەندکردنى بەسەردا سەپاند.

هەروەها، نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، لە بارەی سزاکەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دەبوایە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بکرایەت، بەڵام بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

وتیشى، دانیشتنی دادگایەکە بە توندی بەڕێوەچوو، تەنانەت سەرەتا ڕێگە بە پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد نەدرا کە بەشداری دۆسێیەکەی بن، دواجار لە ژێر فشاردا توانیمان بەشداریی بکەین.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە دانیشتنی دادگاییەکەدا، سلێمان ئەحمەد لە بەردەم دادوەردا ڕەتیکردەوە، کە ئەو لێدوانەی ئامادەکراوە هی ئەو بێت، بەڵکو بە سۆرانی نووسراوە و تەنانەت نەیانخوێندووەتەوە بۆی.

ئ.م

Comments are closed.