سەرۆکی حکومەتی کاتیی بەنگلادش دیاریی کرا

ناوەندی هەواڵەکان

پاش ئەوەی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایە و وڵاتی جێهێشت، ئەمڕۆ لەسەر داوای خوێندنکارانی خۆپیشاندەر محەممەد یونس براوەی خەڵاتی نۆبڵ و سەرمایەداری ناسراوی بەنگلادیش کرا بە سەرۆکی حکومەتی کاتیی وڵاتەکە.

پاش دەست لەکارکێشانەوە و هەڵاتنی سەرۆکوەزیران، سەركردەكانی خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان و فەرماندەكانی هەر سێ‌ بەشی سوپا لە وڵات و ئەندامانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ سەرۆكی بەنگلادیش تا درەنگانێكی شەوی ڕابردوو لە كۆبونەوەدا بوون، بۆ بڕیاردان لە بارەی پێكهێنانی ئیدارەیەكی كاتی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات و هەموان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی “محەممەد یونس” بەشێوەیەکی کاتیی سەرۆکایەتی حکومەت بکات.

محەممەد یونسی تەمەن ٨٤ ساڵ، کە ئێستا لە دەرەوەی بەنگلادیش دەژی و شارەزای ئابووریشە، ناسراوە بەوەی لە ڕێگەی بانکی قەرزی بچووکەوە ملیۆنان کەسی لە هەژاری ڕزگار کردووە، بەڵام پێشتر ڕووبەڕووی ڕەخنەی شێخە حەسینە بووەوە بە”خوێن مژینی” هەژاران تاوانباری دەکرد و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند بوو.

شێخە حەسینە، كە بۆ ماوەی ١٥ساڵ لە لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بەنگلادیشدا بوو، ڕۆژی دوو شەممە لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەكاركێشایەوە و وڵاتەكەی بەجێهێشت، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و كوژرانی سەدان كەس، كە دژی سیستمی پشكی دامەزراندن لە وەزیفە حكومیەكان سەریهەڵدا.

دوابەدوای ئەوە، ڕۆژی سێشەممە محەممەد شەهابەدین، سەرۆكی بەنگلادیش، پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە، وەک ئامادەكاریەک بۆ پێكهێنانی حكومەتی ڕاگوزەر.

ش. ئـ

Comments are closed.