زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ئاوارە لە هەرێمەوە گەڕانەوە بۆ زێدى خۆیان

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی كۆچ وكۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ هەزار و٥٧٧ ئاوارە لە كامپەكانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە بەخواستنی خۆیان گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار، دەشڵێن، ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە هاوكاری دارایی و كەلوپەلیان پێدراوە.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی سەدان ئاوارە لە كامپەكانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە بۆ نەینەوا و ئەنبار، هەروەها دابەشكردنی هاوكاری دارایی بەسەر ئاوارەكان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان ئەمڕۆ لە كامپەكانی (خزیر، حەسەن شام، هەرشام و بەحركە) هەزار و ٥٧٧ ئاوارە لە كامپەكانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە بەخواستنی خۆیان گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار.

ئاماژە بەوەشكراوە، ستایشی هەوڵەكانی هەموو لایەنەكان دەكەین بۆ پشتیوانی لە كارەكانی وەزارەت و ئاسانكاری بۆ ئەركی كۆتاییهێنان بە دۆسێیەی ئاوارەكان هەروەها ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە یارمەتی دارایی و هاوكاری فریاگوزاری و كەلوپەلی ناو ماڵیان پێدراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كارمەندانی وەزارەتەکەمان بەردەوامن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی ئارەزووی گەڕانەوە دەكەن.

لە دوای داگیركردنی چەند شارێك لەلایەن چەتەكانی داعشەوە، نزیكەی شەش ملیۆن كەس ئاوارەبوونی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، كە نزیكەی پێنج ملیۆن كەسیان گەڕاونەتەوە، تا ئێستاش سەدان كەسی دیكە لە كامپەكاندا ماون، حكومەتیش بەنیازە تا كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسێیە ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەم كامپەكان دابخات.

هـ.ئ

Comments are closed.