عەون زیاب: ژمارەی بەنداوەكان لە ڕادەی پێویست زیاترە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی بەنداوەكان لە ڕادەی پێویست زیاترە و شوێنی عەمباركردنی گەورەی ئاو هەیە و بەنداوەكان ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر بڕە ئاوێك كە هەبێت، دەشڵێت، ئەو بڕە ئاوەی ئێستا دێتە عێراقەوە لە توانای عەمباركردنی بەنداوەكان كەمترە.

عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق سەبارەت بە زۆری ڕێژەی بەنداوەكان و كەمی ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەون زیاب ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕاوێژكارانی ئیتاڵی سەرقاڵى پرۆسەی نوێكردنەوەی توێژینەوەی ستراتیژی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەویین، بەپێی ئەم توێژینەوانەش پێشنیاری درووست كردنی بەنداوی گەورە نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی بەنداوەكان لە ڕادەی پێویست زیاترە و شوێنی عەمباركردنی گەورەى ئاو هەیە، بەنداوی دیكەش هەیە، كە بەنداوی بچووكن ئێمە گرنگییان پێ دەدەین، چونكە ئەم بەنداوانە لە دۆڵ و ڕێڕەوی ئاودان لە ناوچە بیابانییەكان، ئێمە سەرنجی زۆرمان لەسەریانە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك بەنداو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبایە، ئەوانیش بەنداوی عەمباركردن نین، هەروەها ئەو بڕە ئاوەی كە دێتە عێراقەوە كەمترە لە توانای گلدانەوەى ئێستای بەنداوەكان.

جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند ساڵێكە دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ٧٥٪ بۆ ٨٠٪ـی پشكی ئاوی عێراقی گرتووەتەوە و چەندین بەنداوی گەورەی لە سەر ڕووباری فورات درووستكردووە، ئەمەش كاریگەری گەورەی لە سەر گوندنشینانی ناوەڕاست و باشووری عێراق درووستكردووە، بەهۆی وشكبوونی سەرچاوەی ئاوەكانیان، گوندنشینان بە ناچاری ئاوارەی شارەكان بوون.

هـ.ئ

Comments are closed.