شارا تاهیر
جارێکیان مناڵێک (کوڕێک) پێی وتم نازانم باوکم ڕاست دەکات یان دایکم هەر یەکەیان بە جۆرێک باسی ئەوەم بۆ دەکات کە لە نێوانیاندا ڕوویداوە! هەستدەکەم بووم بە بووکەڵەیەک و هەریەکەیان بە لای خۆیدا پەلم ڕادەکێشێت!
منیش وتم کاکە جوان حەقیقەت یەک ڤێرژن و یەک ڕووی نییە بەڵکو چەند ڤێرژن و چەند ڕووی هەیە، ئەوەی دایکت باسی دەکات، ئەوەشی کە باوکت باسی دەکات بەشێکە لەوەی ڕوویداوە و بەشێکە لە حەقیقەت بەڵام هەموو حەقیقەت و یەقین نییە….بەشەکەی تریشی ئەوەیە کە تۆ ئێستا وەک دەرئەنجامی ئەو حەقیقەتە تیادا دەژی و ئەزمونی دەکەیت!
وتی: من ئەمەوێت ببم بە باوکێکی باش بۆ منالەکانم! تۆ دەتوانیت فێرم بکەیت؟
وتم: دەتوانم بزانم چۆن بیر دەکەیتەوە؟
وتی: نامەوێت مناڵەکانم دایکێکی تەنها و ماندوو، ڕەتاویان وەک دایکم هەبێت، لە نێوان باوکبوون و دایکبووندا بهاردڕێت، نامەوێت کوڕەکەم لە دەرەوە بە دوای وێنای باوکیدا بگەڕێت، ئاندرۆ تەیت بکات بە ئایدیال و باوکی ڕۆحی بۆ خۆی!
وتی: دایکم جوانترین و باشترین دایکی دونیایە، بەس ئەو نەیتوانیووە فێرم بکات چۆن بمم بە پیاو، چونکە ئەو ئەزمونی پیاوبوونی نییە! چۆن دەتوانێت شتێکم بداتێ کە خۆی نەیبێت!
وتم: کاکە جوان بە داخەوە ئێمە تەنها یەک قوتابخانە شک دەبەین بۆ فێربوونی خۆشەویستی کە ئەویش پەیوەندی نێوان دایک و باوکمانە! دایکت نەیتوانیووە فێرت بکات کە چۆن ببیت بە پیاو، لێ فێریکردوویت چۆن مرۆڤێکی باش بیت! ئەوەیش کلیل و سیحری سەرکەوتنە لە ژیاندا.
وتم: بە ڕای من دایکت هیچ کات پەلی ڕانەکێشاویت بۆ لای خۆی، چونکە بە پێی ئەمەی بۆم باس دەکەیت تۆ لە ناو ئەودایت، بۆ ساتێکیش بە جێی نەهێشتوویت تا پەلکێشت کات بۆ لای خۆی، لە شوێنی خۆی وەک شاخ وەک سنەوبەر وەستاوە تا بتکات بەم کوڕە و بتوانێت لە داهاتوودا ببیت با باشترین باوک.
وتم: وا بزانم ئێستا ئەزانیت حەقیقەت لە کوێدایە، کامیان؛ باوکت یان دایکت ڕووی ڕاستی ڕووداوەکانی پێ ووتویت!
با بەو شێوەیە لە پەیوەندی بگەین کە هیچ نییە جگە لە گێرانەوەی چەند چیرۆکێک نەبێت. چیرۆکێک کە ڕەنگێکی و تۆنێکی، ئەزمونێکی لای تۆیە، ڕەنگێک، تۆن و ئەزمونەکەی تریشی لای ئەویترە. وەک حەقیقەت تۆ تەنها سوچێک و چمکێکی ئەو گێرانەوەیەت بەردەکەوێت لە یادەوەریدا تۆمار دەبێت، سووچەکەی تری لای ئەویترە، ئەو خاوەن و هەڵگری حیکاتەکەیە و وەک چۆنیش دەبێت بە یەقین نەک هەر بە تەنها بۆ خۆی بەڵکو دەیکاتە بەرگ و بۆ باڵای ئەوانی تریش.
لە دۆخی پەیوەندی تەندروستدا یادەوەری و گێرانەوەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە یەک دەچن، بەو پێیەی کە سەکان لە سەر دوو هێڵی تەریب بە یەک لە بەرامبەر یەکدا ئەزمونی ڕووداوەکان و خودی پەیوەندییەکەش دەکەن. دیارە یادەوەریمان بۆ خۆیشی هەمیشە هەر ئەو شتانە خەزن ناکات کە ئێمە ئەزمونی دەکەین و تامی دەکەین و دەیبینین بەڵکو ئەوانەیش خەزن دەکات و تۆمار دەکات کە ئێمە ئەزمونمان نەکردەوە و نەمانبینیوە. ئەمەیش بابەتێکی ترە. لێ لە پەیوەندی ناتەندروستدا ،ئەوەی کە من پێدەلێم پەیوەندی تراوماتیکی، یادەوەری و ئەزمونەکان بە شیوەیەکی تەواو جیاواز خۆیان مانیفێست دەکەن. لەم جۆرە پەیوەندییەدا کەسەکان لە بەرامبەر یەکدا نین بەڵکو دەچنە ناو یەک و تێکەڵ بە یەک دەبن نەک لە بەرئەوەی یەکتریان خۆش دەوێت و عاشقی یەکن بەڵکو لە بەرئەوەی هەر لە سەرەتاوە دوو کەسی لەتن و یەکێکیان ئەویتریان تەواو دەکات، هەڵبەت ئەمە دوورە لە زمانی شیعر و ڕۆمانتیزەکردنی پەیوەندی و خۆشەویستیەوە. من باس لە دیوە پاتۆلۆژی و ناتەندروستییەکەی پەیوەندی دەکەم. لەم جۆرە پەیوەندییەدا کەسەکان بە ناو یەکتردا ناڕۆن تا ئەزمونی یەکتر بکەن ، یەکتر قبوڵ بکەن وەک ئەوەی کە هەن وەک دوو کەسی جیاواز لە یەک بەڵکو دەخزێنە ژێر پێستی یەکترەوە و لەوێدا ئەزمونەکان و هەستەکان تێکەڵ و پێکەڵ دەبێت، ناتوانیت لە یەکتریان جیابکەیتەوە. کاتێک گوێ لە کەسەکان دەگریت نازانیت کامیان باسی کامیان دەکات.
بەسوێترین و بە ئازارترین پەیوەندی ئەوەیە کاتێک بۆت دەردەکەوێت کە هەمان گێرانەوەت لە گەڵ ئەویتردا نییە و نەبووە ، کاتێک بۆت دەردەکەوێت کە بە ڕاستی هیچ شتێک تۆ و ئەوی کۆنەکردۆتەوە، ئەوە نەبێت لە شوێنێکدا یان لە ناشویندا لە زەمەنێکدا یان لە دەرەوەی کات و شوێندا پێکەوە ژیاون، یان لە وەهمی پێکەوە ژیاندا بوون لە کاتێکدا بۆ ساتێکیش پێکەوە نەبوون بە مانا ڕۆحی و مرۆییەکەی. ئەمەیش نەک لە بەرئەوەی بەتەنها ئێمە وەک مرۆڤ جیاوازین جیاواز بەر حەقیقەت دەکەوین و ئەزمونی دەکەوین بەڵکو لە بەرئەوەی تۆ بە تەنها هەر خۆت لە ناو ئەو پەیوەندییەدا بوویت و ڕاتگرتووە، لێ واتزانیوە یان لە وەهمی ئەوەدا بوویت کەلە گەڵ کەسێکی تردایت و هەمان مێژووتان بەشکردووە.
من زۆر جار بە کلایەنتەکانم دەڵێم کە پەیوەندی وەک سەفەرکردن وایە بۆ جێگەیەک کە یەکەم جارتە دەیبینیت. بەر لەوەی دەست بەسەفەرەکەت بکەیت تۆ جێگەکە بۆ خۆت دیاریدەکەیت. بلیتی بۆ دەبڕیت. ڕۆژی سەفەرەکەیشت دیاریدەکەیت، بارگە و بنە دەبێچیتەوە و بەو پەڕی هیوا و ئاواتەوە ملی ڕێی دەنێت. با نمونەکە ئاسانتر بکەمەوە. گریمان تۆ سەفەرەکەت بۆ پاریسە دەلێم پاریس چونکە من خۆم زۆر حەزم بە پاریسە. لە خەون و خەیاڵی تۆدا بە هەموو مەزەنەی ئەقڵتەوە، تۆ بلیتەکەت بۆ پاریس بڕیوە و لەوێ دەنیشیتەوە. لێ ئەو کاتەی دەنیشیتەوە و دێیت و دەچیت بەو نیازەی لە شەقامەکانی پاریسدایت بە دوای بینینی بورجەکەی ئیڤڵەوەیت. کات و دێت دەڕوات هەر بورجەکە نابینیت بەڵام ناتەوێت باوەڕ بکەیت کە هەر لە سەرەتاوە تۆ بە هەڵە کەوتویتە شوێنێکی ترەوە، تۆ لە پاریس نیت و لە مۆزەمبیق نیشتویتەوە. زۆر جار شۆکی هەڵە نیشتنەوە ساڵان دەخایەنێت تا باوەڕ بە خۆت دێنێت کە لەوێ نیت لە شوێنێکی تریت نامۆ بە تۆ. شکست دوای شکستت پێویستە تا لەو راستییە بگەیت کە بەتەنها لە ناو پەیوەندییەکەدا خولاویتەتەوە جگە لە خۆت کەسی ترت لە دەور نییە….. ئەو کاتەی کە بۆت دەردەکەوێت ناتوانیت شتێک بپارێزیت کە لە هەر لەسەرەتاوە بوونی نەبووە، ئیدی کاتێکیش ئەمەت بۆتدەردەکەوێت ئەو گێرانەوەیە بۆ ئەبەد بووە بە زام و برینێک لە نەست و نائاگات. باوەڕنەکردن بە حەقیقەتی شکست خودی شکستەکە درێژدەکاتەوە و برەو دەدات بە بەردەوامبوون بە گەڕانی زیاتر،، بە پشکنینی زیاتر بە دوای خەونە سەرەتاییەکەت، خەونی گەیشتن بە خۆت و وێنای خۆت لە چاوی ئەویتردا وەک جوانترین گێرانەوە کە هەرگیز بەدینایەت.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە بۆچی تووشی ئەو کەسانە دەبین کە ئازارمان دەدەن_؟
ئەم نووسینە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی
ش. ئـ
Comments are closed.