ئیسرائیل باڵیۆزی نەرویجی لە وڵاتەكەی دەركرد

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە شەڕی غەزەدا نەرویج چەند جارێك دژی وڵاتەكەمان وەستایەوە، بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی پێگەی دیپلۆماسی ئەندامانی باڵیۆزخانەی نەرویج لە تەلئەبیب، چونكە هەر كارێكی دژی ئیسرائیل باجی خۆی هەیە.

ئیسرائیل كاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە هۆكاری دەركردنی باڵیۆزی و ئەندامانی دپلۆماسی نەرویج لە وڵاتەكەی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیادراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە شەڕی غەزەدا نەرویج چەند جارێك دژی وڵاتەكەمان وەستایەوە، ئەمڕۆ فەرمانم دا بە ڕاگرتنی هەر نوێنەرایەتییەكی باڵیۆزخانەی نەرویج لە ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە نوێنەرایەتییەكانی نەرویج لە ماوەی حەوت ڕۆژدا ئیسرائیل بە جێ بهێڵن،  دەشڵێت: هەر ڕەفتارێكی دژی ئیسرائیل باجێك هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، مانگی ئایاری ئەمساڵ نەرویج بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستنی و وتیان ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین بە مانای دژایەتیكردنی ئیسرائیل نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.