ناوەندی هەواڵەكان
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو كرێكارە بیانییە بێ مۆڵەتانەی لە بەغدا و باقی پارێزگاكانی عێراق كار دەكەن، لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون، پێویستە حكومەتی فیدراڵی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم توندتر بكات، بۆ ڕێگریكردن لە هاتوچۆی كرێكارانی بیانی.
ئەمیر مەموری ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی كرێكارانی بیانی نا فەرمی بۆ عێراق و هەوڵەكان بۆ ڕێگریكردن لەو دیاردەیە، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.
ئەمیر مەموری ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو كرێكارە بیانییە بێ مۆڵەتانەی لە بەغدا و باقی پارێزگاكانی عێراق كار دەكەن، لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاتوون، لە ڕێگەی قاچاخ و خۆ شاردنەوە لە نێو ئۆتۆمبیلەكان بە شێوەیەكی نایاسایی دەچنە ناو پارێزگاكانەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكانیش لە پشت ئەم بابەتەوەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دارایی نایاسایی.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە حكومەتی فیدراڵی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم توندتر بكات، بۆ ڕێگریكردن لە هاتوچۆی كرێكارانی بیانی و سنوورداركردنی چوونە ناو شارەكانی عێراقەوە، هەروەها دەبێت ڕێكارەكان چوونە ناوەوەی پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ عێراق توندتر بكرێن، بۆ ئەو ئەم كرێكارە بێ مۆڵەتانە لەو ڕێگەیەوە نەچنە ژوورەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: لەئێستادا كرێكارە بیانییە بێ مۆڵەتەكان مەترسین بۆ سەر بازاڕ، هەروەها كرێكارە بیانییە فەرمی و تۆماركراوەكان زۆر كەمن بە بەراورد بە كرێكارانی بەبێ مۆڵەت، ئەم بابەتەش كاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی عێراقی بێكار كردووە.
دوێنێ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بڵاوی كردەوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار كرێكاری بیانی مۆڵەتپێدراو لە عێراق هەیە، بەڵام زۆر لە ئەم ژمارەیە زیاتر هەیە، كە مۆڵەتی كاركردنیان نییە لە عێراق كار دەكەن.
هـ.ئ
Comments are closed.