ناوەندی هەواڵەکان
دوای دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە زیندانی ئەوین، لە دژی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسای، بە ڕەگەز کورد، پۆلیس هێرشی کردە سەر زیندانییان، زانراوە لەو هێرشەدا وریشە مورادی، زیندانی سیاسیی کورد کراوەتە ئامانج و ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە برینداربووە.
پۆلیسی ڕژێمی ئێران، لە زیندانی ئەوینی ئێران، هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسیی، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییان لە دژی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسای دەردەبڕی.
ڕەزا ڕەسای، هاوڵاتیی کوردی تەمەن ٣٥ ساڵ، لە سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانەی “ژن ژیان ئازادیی” کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ بە لەسێدارەدان سزا درا، لە ٦ـی ئابدا لەسێدارە درا.
بڕیاری لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسای لە بەشێک زیندانەکانی ئێراندا کاردانەوەی لێ کەوتەوە و زیندانییان ناڕەزایەتییان دەربڕیی، یەکێک لەوانەش زیندانی ئەوینی تاران بوو، کە زیندانییانی سیاسیی تێدا ڕاگیراون، بەڵام بە توندتیژیی وەڵامی زیندانییان درایەوە.
بە پێی زانیارییەکان پۆلیسی ئێران بە فەرمانی ئەفسەر هادی محەمەدی هێرشیان کردووەتە سەر وریشە مورادی و ئەشکەنجەیان داوە، دوای ئەشکەنجەدانەکە برین لە زۆر شوێنی جەستەیدا هەبووە، بەڵام وریشە مورادی ڕێگەی پێنەدرا بچێتە نەخۆشخانە.
وریشە مورادی ناسراو بە جوانا سنە، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ دوای دەستبەسەرکردنی لە نزیک شاری سنە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەوین، بەڵام تائێستا دۆسێیەکەی بە نادیاریی ماوەتەوە و لە پشکنینی پزیشکی و پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بێبەش دەکرێت.
ب. جـ
Comments are closed.