“پێویستە خاوەندارێتی لە خاکی خۆمان بکەین و لە دژی داگیرکاریی بووەستینەوە”

ڕانیە

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە و چالاکوانانی ڕانیە ڕایدەگەیەنن، لە ئێستادا هێرشەکانی لە ئاستێکی مەترسییداردایە، کەسیش قسەی لەسەر ناکات، بۆیە دەبێت خاوەنداریی لە خاکی خۆمان بکەین، دەبێت هەمووان پێکەوە یەکگرتووبین و لە دژی داگیرکارییەکان بووەستینەوە.

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاریی پەدەکە بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک بۆ قڕکردنی کوردان بەردەوامە، لە بەرامبەریشدا داوا دەکرێت کە گەل هەڵوێستی هەبێت و ڕێگە بە داگیرکاریی نەدرێت، لەو بارەیەوە چالاکوانانی شارۆچکەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕێن بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەو بارەیەوە غازی ڕەفعەت وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گەورەترین مەترسییە، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهانە.

غازی ڕەفعەت
غازی ڕەفعەت

وتیشی: تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە و مێژوویەکی هەیە، هەمیشە هەوڵی بۆ بنبڕکردن و وێرانکردنی خاک و نیشتیمانی کوردان بووە، لە باشووری کوردستاندا پەکەکە تەنیا بیانووە بۆ دەوڵەتی تورک خۆ لە لیبیا و وڵاتانی دیکە پەکەکەی لێنیە، بەڵام سرووشتێکی داگیرکاریی هەیە و تەنها چەک بە چارەسەر دەزانێت، لە مێژووی دەوڵەتی تورکدا وەهابووە کە  دەمانچەت پێبێت یاخود کەمانچە، وەکو یەک وایە بۆ ئەو.

غازی ڕەفعەت ئاماژەی بەوەشکرد، یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلی کورد زۆر گرنگە، هەڵوێستی هاتنە سەر شەقام و بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیش بێت گرنگە ناڕەزایەتیی لە دژی دەوڵەتی تورک نیشانبدرێت، بۆیە پێویستە بچینە بەردەم یوئێن و وڵاتانی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار بکەینەوە، تاکە شوێن کە هیچ کەس و وڵاتێک قسەی لەسەر ناکات داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە خۆمان خاوەندارێتی لە خاکی خۆمان بکەین.

هەروەها ڕێبوار ئیبراهیم چالاکوانێکی دیکەیە وتی: پێویستە گەلی باشوور و هەر چوار بەشی کوردستان، ئامادەکاریی بکەن بۆ تێکشکاندنی خەون و پیلانی داگیرکاریی، کە ئەم خەون و پیلانە ساڵانێکە داگیرکەران بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد دایانڕشتووە.

ڕێبوار ئیبراهیم
ڕێبوار ئیبراهیم

وتیشی: دەبێت هەموومان تاک بە تاک بە هەموو هەوڵێکەوە و بە توانا و ئیرادەی گەنجان ڕووبەڕووی ئەم داگیرکارییە ببینەوە و لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵەکانمان فراوانتر بکەین.

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێم هەیە بووین بە دوو بەرەوە، بەرەی گەل و بەرگرییکردن و بەرەی خیانەت کە بەداخەوە بەشیک لە گەلی خۆمان بووە بە کەوا سوورەی بەر لەشکری داگیرکەر، هەر بۆیە پێویستە گەلەکەمان بەئاگا بێتەوە و سەنگەری داکۆکییکردن لە مافە ڕەواکانی خۆمان فراوانتر بکەین، پیلانی ئەمجارەش وەکو هەموو پیلانەکانی پێشووی دەوڵەتی تورک تێکبشکێندرێن.

ڕێبوار ئیبراهیم وتیشی: ئەمەی دەوڵەتی تورک دەیکات خەونی زیندووکردنەوەی سوڵتانیزم و عوسمانییە، بەڵام بە ئیرادەی گەلانی ئازادییخواز، بە هەوڵ و کۆششی گەریلا و شۆڕشگێران ئەم خەونە و دەیان خەونی دیکەی دەوڵەتی داگیرکەر پوچەڵدەکەینەوە.

لە ١٥ـی حوزەیرانەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە نزیکەی هەزار سەرباز و ٣٠٠ تانک و زرێپۆشەوە لەشکرکێشییەکی نوێی بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان دەستپێکردووە و لە ئێستادا ٧٥٪ـی خاکی پارێزگای دهۆکی داگیرکردووە، تا ئێستاش حکومەتی عێراق و ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە دژی ئەو داگیرکارییە تەنانەت ئیدانەشیان نەکردووە.

ب. جـ

Comments are closed.