دیداری “مێژووی بیارە” بەڕێوەچوو

هەڵەبجە

بۆ ناساندنی و کەلتوور و جوانییەکانی ھەورامان، دیداری “مێژووی بیارە” بەڕێوەچوو، بەشداربوانی ناو دیدارەکەش تیشکیان خستە سەر سەرچاوەکانی ژیان لە ھەوراماندا، کە مێژووەکەی بۆ سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دەیانەوێت ئەو ڕەسەنایەتییەی ناوچەکە بە زیندووی بمێنێتەوە لای نەوەکانی ئێستا و ئایندە.

ئەمڕۆ لە ژێر ناونیشانی “بیارە ماڵی مێژووی دێرین و کەلتووری ڕەسەن”، مەڵبەندی ڕۆشنبیری و ھەورامان بەھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەایەتی شارەدێی بیارە و زانکۆی ھەڵەبجە، دیدارێکی تایبەتی بە بیارە لەناو بازاڕی شارەدێکە ڕێکخست.

ئەیوب کوێخا
ئەیوب کوێخا

ئەیوب کوێخا ڕۆستەم کەسایەتی ڕۆشنبیری ھەورامان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: مێژووی نووسراوی ٣ ھەزار ساڵ لەبەردەستدایە، کە لۆلۆییەکان و گۆتیەکان لە ھەوراماندا ژیاون و بیارە یەکێک بووە لە ناوچەکانی زاموا.

وتیشی: خەڵکی ھەورامان دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەو سروشتەی ناوچەکەی خۆیان نەرمکردوە ھەڵنەھاتون لەبەردەم سەختی ناوچەکە، زۆر شوێن ھەیە زەوی ناوچەکەی لە ھەورامان باشترە، بەڵام ئەو جوانی و دەستکرد و باخ و باخاتەی لە ھەورامان ھەیە لە شوێنەکانی دیکە بونی نییە ئەوەش تواناو کارامەییەکانی خەڵکی ناوچەکە پیشان دەدات.

ئەیوبی کوێخا ڕۆستەم لە قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئەوە مایەی شانازییە نەوە دوای نەوە تائێستا ئەم کەلتوورەمان ھێناوە، بووە بەشێک لە کەسێتیمان، ئێمەی ھەورامیش عەشرەت نین ئەوەی ھەورامان بە عەشرەت ناوزەند بکات ھەڵە دەکات، زمانەکەشمان یەکێکە لە دیالێکت و بنچینە سەرەکییەکانی زمانی کوردی.

ڕێباز لوقمان
ڕێباز لوقمان

ھاوکات ڕێباز لوقمان وتەیەکی لەژێر ناوی تواناکانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە شارۆچکەی بیارە پێشکەش کرد و وتی: ئەو کانیا و باخانەی ھەیە، وایان کردووە لە دێر زەمانەوە لە ھەورامان خەڵکی تێدا نیشتەجیبێت، ٤١ ناوچەی شوێنەواری بوونی ھەیە، مێژوەکەیان بۆ سەردەمی کلدانی و ئاشووری و بابلییەکان دەگەڕێتەوە، هەموو ئەوانەش پاڵنەری گرنگن بۆ ھاتنی گەشتیار بۆ ناوچەکە، ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی گۆرانی و ئاوازی فۆلکلۆریی و جلوبەرگی تایبەت بەناوچەکە تەواو جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، گەشتیاران چێژ لەو کەرەستە و جلوبەرگانە وەردەگرن کاتێک دێنە ناوچەکە.

سەرچاوەی ژیان لە ھەورامان باخداری و ئاژەڵداریی و کشتوکاڵکردن لەگەڵ پیشە دەستییەکان بووە

عەبدوڵا عەبدولڕەحیم
عەبدوڵا عەبدولڕەحیم

عەبدوڵا عەبدولڕەحیم کەسایەتی دیاری ھەورامان وتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لەوەکرد، سەرچاوەی ژیان لە ھەورامان باخداری و ئاژەڵداریی و کشتوکاڵکردن لەگەڵ پیشە دەستییەکان بووە، باخداری کاریگەری گەورەی ھەبوو بۆ بەدەستھێنانی ژیان لە ناوچەکەدا، ئەو کەرەستانەشی بۆ باخداری بەکاردەھاتن چی بۆ گواستنەوە یان کارکردن ھەمووی لای وەستا کارامەکانی ھەورامان بەدەست و بازوی خۆیان درووست دەکران سوودیان لێوەر دەگیرا.

ش. ئـ

Comments are closed.