“كورد، هیچ پلانێكی هەیە؟”

عەدالەت عەبدوڵا

راستە كورد، لەم بەشەدا، بەشێوەیەكی گشتی، هێشتا سیستەمی بیركردنەوەی سیاسیی بەو رادەیە گەشەی نەكردووە كە لەسەر ئاستی نەتەوە بیربكاتەوە. ئەوەش راستە كە جوگرافیای سیاسیمان هۆكارێكی ترە بۆ ئەو چەقبەستنە، بەڵام بەو دوو فاكتەرەو هیی تریشەوە، بیانووی ئەوەمان نییە هیچ پلان و یەدەكێكمان نەبێت بۆ دۆخی كوڵاو و گڕگرتووی ناوچەكەو پێشهاتەكانی جەنگ و ململانێ خوێناوییەكانی.

ئەگەر پێمان وابێ، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستی كوردیشە، ئەوا ئەمە خۆدزینەوەیە لە واقعی هەموو ئەو ناكۆكییانەی كە لە چەندین دۆسێدا لەگەڵ بەغدادا هەمانە. بەغدا ئەگەر خەتای خۆشمانی تێدا بێت، هێشتا ئامادە نییە بە رێكوپێكی مووچەیەكت بۆ رەوانە بكات، بە بەرچاویەوە تەعریب دەكرێت و بێدەنگە، دەیەوێت سەرژمێرییەكت بەسەردا بسەپێنێت كە نیوەی خاكی خوارووی كوردستانت لە كوردستانی بوون بخات، توركیا هاتۆتە ناو سێ پارێزگای هەرێمەوەو تەراتێن دەكات و بنكەی سەربازی دەكاتەوەو ئەو هیچ ناڵێت، ئێستا بتەوێت هەر ئەویش پلانی پاراستنت لە شەپۆلی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بۆ دابنێت، داماوییە.

بەڵێ راستە بەشێكی زۆری ئەو دۆخەمان دەرەنجامی غروری سیاسیی خۆمان بوو، بەتایبەتی هێزی یەكەمی ناو حوكمڕانیمان كە بەقسەی یەكێتیی نەدەكرد و بە ئێستایشەوە نایكات، بەڵام ئەمە پاساوی ئەو هەڵەیە نادات كە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم گرەوەكە لەسەر بەغدا بێت. ئەو بەغدا خۆی، لە بنەڕەتدا، گرەوی لەسەر ئەوانیترە!. لە شەڕی داعشدا پاڵپشتیی هاوپەیمانان و دەستوەردانی كۆماری ئیسلامی نەبووایە، پایتەخت و پارێزگا شیعییەكانیش دەكەوتن. پاشان لە رووی ستراتیژییەوە، لاوازبوونی هەرێم، دژی بەرژەوەندییەكانی بەغدا نییە وەكچۆن لە قازانجی وڵاتانی تێوەگلاوی ململانێ هەرێمایەتییەكانیشە، كەواتە پێویستە كورد خۆی خەمێك لە چارەنووسی خۆی بخوات. پرسیارەكە ئەوە نییە لە ئێستادا چ هەڕەشەیەكی جدی لەسەر هەرێم لەئارایە، پرسیار ئەوەیە: كورد چی پێیە ئەگەر لەپڕێكدا هەڕەشەكان دەرگایان پێگرت؟.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

Comments are closed.