سلێمانی
کەسوکاری شەهید هێرۆ بەهادین دەڵێن: شەهید یەکێک بوو لە ژنە قەڵەم بەدەستەکان و لێهاتوو بوو، هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندراوەی دژە تیرۆری کوردستان هێندەی شەهید کردنی هێرۆمان ئازاری داوین و ئەو هەواڵانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە دەڵێن ئەم ڕۆژنامەنووسانە چەکدار بوونە، دەوڵەتی تورک یەکێک شەهید بکات دەیانی دیکە دروست دەبنەوە.
هەریەکە لە خاڵۆزا و پورزای بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم “هێرۆ بەهادین” کە لە ٢٣ـی ئاب لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بە هۆی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهیدبوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز دەدوێت.

حسێن عەلی، پورزای شەهید هێرۆ بەهادین دەڵێت: بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندراوە هێندەی شەهیدکردنی هێرۆمان ئازاری داوین، بەداخەوە کە شتێکی ناڕاستی وایان بڵاو کردووەتەوە، کە گوایە ئەو ڕۆژنامەنووسانە چەکداری پەکەکە بوون و بەرپرسێکی پەکەکەی لەگەڵدا بووە، هەرچەندە ئەوە دووە لە ڕاستییەوە، چونکە ئەوان تەنیا دوو ژنی ڕۆژنامەنووس و شۆفێرێک بوونە.
جەختیشی کردەوە، شەهید هێرۆ تەنها قەڵەم بەدەست بووە، هەروەها ماڵەکەی تەنها چەند هەنگاوێک لەو کۆمپانیاوە دوور بووە کە کاری ڕۆژنامەوانی تێدا کردووە، بەداخەوە هێرۆی کچمان چەکدار نەبووە، ئەگەر دەستێکی ناوخۆ ئەم کارە نەکردبێت، ئەمە کاری كێیە؟
وتیشی: دەوڵەتی تورک لە بناغەدا دۆڕاوە، بەرانبەر ڕۆڵەیەکی کورد بێدەسەڵاتە و یەکێک شەهید بکات دەیانی دیکە درووست دەبنەوە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی ئەم خاکە دەزانن، با چیتر بە ناهەق خوێنی ڕۆڵەی کورد نەڕژێت.

هەروەها محەمەد ڕەشید خاڵۆزای بنەماڵەی شەهید هێرۆ بەهادین، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە دوورە لە ڕاستییەوە، کە دەڵێن ئەم کەسانە چەکدار بوونە، هەروەها ئەو بنەماڵەی شەهید هێرۆ لە ژیانیاندا چەکدارییان نەکردووە.
محەمەد ڕەشید، ئەوەشی خستەڕوو، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتت حکومەتی سلێمانی هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر ئەو ڕووداوانە و ئەمانە قبوڵ نەکەن، تا چیتر خوێنی ڕۆڵەی ئەم میللەتە نەڕژێت.
٢٣ـی ئاب، لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی “گوڵیستان تارا، هێرۆ بەهادین” شەهید بوون و ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بە ناوی “ڕێبین بەکر” برینداربوو.
ب. جـ
Comments are closed.